کۆمیسیۆن داواکاریی رێکخراوێکی مافی مرۆڤی رۆژئاوای کوردستان بۆ چاودێریی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داواکاریی رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا-ماف رەتدەکاتەوە بۆ ئەوەی وەک چاودێرێکی نێودەوڵەتی بەشدار بێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 
بڕیاری رەتکردنەوەکەی ئەو داواکارییەی رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا-ماف، لە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە دەرکراوە، لەدوای ئەوەی لە 9ـی هەمان مانگ داواکارییەکەی پێشکێش کردبوو.
 
رۆژی سێشەممە، 28ـى تشرینى یەکەمى 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری رەتکردنەوەی داواکاریی ئەو رێکخراوە ئەوە بووە لە عێراق تۆمار نەکراوە."
 
بە گوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تۆماری چاودێرانی بیانی، ئەو رێکخراوەی داواکاریی چاودێرکردنى هەڵبژاردن پێشکێش دەکات پێویستە بە فەرمی لە یەکێک لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی یان حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تۆمار کرابێت و مۆڵەتی کارکردنی هەبێت.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا-ماف لە ساڵی 2004 دامەزراوە، خۆیان وەک رێکخراوێکی کوردی ناساندووە.
 
28ـی تشرینی یەکەمی 2025، حەفیز عەبدولڕەحمان، بەرپرسی چالاکییەکانی رێکخراوەکە بە رووداوی راگەیاند: "رەتکردنەوەی داواکارییەکەمان بە پاساوی ئەوەی مۆڵەتمان نییە، باوەڕپێهێنەر نییە، چونکە ئێمە لە ئەڵمانیا مۆڵەتی فەرمیمان هەیە و ناکرێت هەر رێکخراوێک چاودێریی هەڵبژاردنی وڵاتێکی دیکەی کرد مۆڵەتی فەرمیی کارکردن لەو وڵاتەش وەربگرێت."
 
بە گوتەی حەفیز عەبدولڕەحمان، پێشتر لە هەردوو هەڵبژاردنی 2009 و 2013ی پەرلەمانی کوردستان بە هاوبەشی لەنێو چەندین رێکخراوی دیکەدا چاودێریی هەڵبژاردنەکانیان کردووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە داوای چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەم ئەنجام دەدرێت، زیاتر لە حەوت هەزار بەربژێر بەشدار دەبن.