کارنامەی حکومەتی سوودانی دوای سێ ساڵ.. چی جێبەجێ کرا و چی ماوەتەوە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سێ ساڵدا چەند بەڵێنێکی حکومەتی ئێستای عێراق لەبارەی کورد جێبەجێ کراوە و هەندێکی دیکەشیان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە. نەوت، کاراکردنی لیژنەی مادەی 140، جێبەجێکران و ئاساییکردنەوەى دۆخی شنگال و گواستنەوەی فەرمانبەران لە ناوچە کوردستانییەکان جێبەجێ نەکراون. دەبوو لە ماوەی 6 مانگدا هەردوو یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی و دادگای باڵای فیدراڵی پەسند بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو دوو هەنگاوە لە پەرلەمانەوە جێبەجێ نەکراون.
 
سێ ساڵ بەسەر کارنامە 156 خاڵییەکەی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی دا تێپەڕی، کە لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022 لە پەرلەمان لەگەڵ پەسندکردنی کابینەی حکومەتەکەی دەنگی لەسەر درا.
 
هەندێک لە بەڵێنەکانی نێو ئەو کارنامەیە پەیوەست کرابوو بە ماوەیەکی دیاریکراوەوە، هەندێکی دیکەشیان بۆ ماوەی کابینەی حکومەتەکەی بوو، کە لەگەڵ هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ کۆتایی دێت و حکومەتەکەی دەبێتە کاربەڕێکەر.
 
رێککەوتنی شنگال "مەرەکەبی سەر کاخەز"
 
لە کارنامەکەدا هاتووە کە رێککەوتنی شنگال دەخرێتە کارنامەیانەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ئەو قەزایە.
 
رێککەوتنی شنگال لە ساڵی 2021 لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق واژۆ کرا، بەبێ ئەوەی تەواوی خاڵەکانی جێبەجێ بکرێن.
 
تاوەکو ئێستا بەگوێرەی رێککەوتنەکە، دۆخی پارێزگاکە بە تەواوى ئاسایی نەکراوەتەوە، قایمقامێکی نوێ لەو قەزایە دەستبەکار نەبووە و زیاتر لە 20 هەزار خێزانی کوردی ئێزدی نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
 
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و بەربژێر لە لیستی پارتی بە رووداوی راگەیاند، ''ئەوەی لەو کارنامەیەدا هاتووە لەبارەی دۆخی شنگال و رێککەوتنەکەوە، مەرەکەبی سەر کاخەزە و جێبەجێ نەکراوە، کە بەڵێن درابوو جێبەجێ بکرێت.''
 
مەحما خەلیل کە پێشتر قایمقامی شنگال بوو گوتیشی، "سەرۆکوەزیران لەبەردەم پەرلەمان بەرپرسیار دەبێت."
 
کەرکووک و مادەی 140 و دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان
 
لە کارنامەکەی سوودانی دا ئاماژە بەوە دراوە، "سەرجەم پارتە کوردستانییەکان مافیان هەیە لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین چالاکیی سیاسیی دەستووری بکەن، بارەگای پارتە کوردستانییەکان لەو شارانە کە بەدەست لایەنی دیکەوەن، چۆڵ دەکرێن."
 
پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگای سەرەکیی خۆی لە کەرکووک وەرنەگرتەوە و بەخشییە زانکۆی کەرکووک، بەڵام بارەگاکانی دیکەی لەو پارێزگایە کردەوە، کە لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کەوتبووە دەست هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
 
هەرچی پەیوەندیدارە بە کاراکردنەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق، کە لە کارنامەکەدا هاتووە، جێبەجێ کراوە و قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانە دەستیپێکرد، ئەو ماددە دەستوورییە دەیانگرێتەوە، تایبەتە بە کۆتاییهێنانی رێکارەکانی بەعەرەبکردن لە ناوچە کوردستانییەکان.
 
کارنامەکە جەختی لە بەستنەوەی خوێندنگە کوردییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراق دەکردەوە،دەبوو سەرجەم فەرمانبەر و مامۆستایانی بگوازرێنەوە سەر حکومەتی عێراق.
 
محەممەد جەلیل، یەکێکە لە نوێنەرانی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە رووداوی راگەیاند، "گواستنەوەی مامۆستا و فەرمانبەرانی پەروەردە بۆسەر بەغدا بە تەواوی وەستاوە، وەزارەتی دارایی عێراق داوا دەکات پشکی پارەی ئەو مامۆستایانە لە بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت کە راژەکانیان دەگوێزرێتەوە."
 
رێککەوتن لەسەر نەوت کرا و یاساکە بە هەڵپەسێردراوی مایەوە
 
لە کارنامەکەیدا، محەممەد شیاع سوودانی جەختی لە هاوئاهەنگی کردووەتەوە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو دۆسیانەی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستانەوە و دەڵێت، "پرۆژە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەگوێرەی دەستوور پێشکێش دەکەین."
 
بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردە لە رێگەی تورکیاوە رێککەوتن و لە 27ى ئەیلوولى 2025 هەناردەى نەوت دەستیپێکردەوە.
 
ئەوەی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بە هەڵپەسێردراوی مایەوە، دەرکردنی یاسای نەوت و گازە لە پەرلەمانى عێراق، لە ساڵی 2008ـەوە رەشنووسەکەی بە هەڵپەسێردراوى ماوەتەوە، تاوەکو ئێستا رێککەوتنی لەسەر نەکراوە.
 
بەگوێرەی کارنامەکە، دەبوو لە ماوەی 6 مانگی دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، یاسای نەوت بەگوێرەی دەستوور گەڵاڵە بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پرۆژەیاسایە نەنێردراوەتە پەرلەمان.
 
هەر لە کارنامەکەدا باس لەوەش کراوە، دەروازەی دیکەی هەناردەی نەوت دەدۆزنەوە لە رێگەی وڵاتانی دراوسێ بۆسەر هەردوو دەریای سپیی نێوەڕاست و دەریای سوور، بۆئەوەی هەناردەی نەوت بە شێوەیەکی رێکخراو بێت، بەڵام بە کردەیی جگە لە بەندەری بەسرە و جەیهانی تورکیا، دەروازەی دیکە بۆ هەناردەی نەوت لە رێگەی دەریای سوور دەستەبەر نەکراوە، هەرچەندە لە پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵەدا پارە بۆ پرۆژەی بۆریی نەوتی بەسرە - عەقەبەی ئوردن تەرخان کرا.
 
یاسای هەڵبژاردن هەموار کرا، بەڵام هەڵبژاردن نەبووە پێشوەختە
 
لە کارنامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە پرۆژەیاسای هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان لە ماوەی سێ مانگدا ئامادە دەکەن، بەڵام پەسندکردنی کەوتە ساڵی 2023.
 
هەروەها بەگوێرەی کارنامەکە، دەبوو لە ماوەی ساڵێک دوای دەستبەکاربوونی حکومەت، هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق بکرێت، کشانەوەی سەدر و مشتومڕ لەسەر رەوایی حکومەتی دەستبەکاربوو هۆکاری ئەو داوایە بوو، بەپێی کارنامەکە دەبوو هەڵبژاردنەکە لە 2023 بکرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت و خولی پێنجەمی پەرلەمان ماوەی یاسایی خۆی تەواو دەکات.
 
یاسای کارتی نیشتمانی بۆ پێکهاتەکان هەموار نەکرا
 
بەگوێرەی کارنامەکە، دەبوو مادەی 26ی یاسای کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو، هەموار بکرێتەوە لەوەی پەیوەندیدارە بە پێکهاتەکانەوە.
 
ئەو ماددەیە تایبەتە بە گۆڕینی ئایین بۆ ناموسڵمان و ئەگەر منداڵ بێ دایک و باوک بێت، پەیڕەوی باوانیان دەکەن ئەگەر موسڵمان بن.
 
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ئەو پرسە وەکو خۆی مایەوە و هیچ پرۆژەیاسایەک نەهاتە پەرلەمان بۆ هەموارکردنی ئەو مادەیەی یاسای کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو، زیاتر کریستیانەکان داوای هەموارکردنی ئەو مادەیەیان دەکرد."
 
ئەنجوومەنی فیدراڵی پێکنەهات
 
بەگوێرەی کارنامەکە، بەڵێنی دەرچوواندنی چەند یاسایەک دراوە، ماوەی بۆ دیاریکراوە و هەندێکیان لێ پەسند کراوە.
 
یاسای هەڵبژاردن، لێبووردنی گشتی، هەروەها دانەوەی پرۆژەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیى شۆڕش دیارترین ئەو یاسایانەن لە پەرلەمان پەسند کراون.
 
لە کارنامەکەدا هاتووە، لە ماوەی 6 مانگ لەدوای دەستبەکاربوونی حکومەت، پرۆژەیاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی پەسند بکرێت.
 
4ی شوباتی 2023 پرۆژەیاساکە خرایە کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان، بۆئەوەی خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت، بەڵام ئەو هەنگاوە نەنرا، دواتر بۆ خشتەی کۆبوونەوەی 16ی شوبات دانرا، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لادرا و تاوەکو ئێستا ئەو هەنگاوە نەنراوە.
 
پرۆژەیاساکە لە ساڵی 2014وە ئامادە کراوە بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی، کە وەک پەرلەمانی باڵا لەڕووی دەسەڵاتەوە لە سەروو پەرلەمانی ئێستاوە دەبێت.
 
ئەنجوومەنەکە 72 ئەندامی هەڵبژێردراوی دەبێت، کە 12یان پشکی سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دەبێت، بەبێ هەڵەبجە، کە تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە وەک پارێزگا نەناسێندراوە.
 
یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی کارنامەی حکومەتەکەی سوودانی، پەسندکردنی یاسای نوێی دادگەی باڵای فیدراڵی بوو لە ماوەی 6 مانگ لە دەستبەکاربوونی حکومەتەوە، بەڵام ئەو پرۆژەیاسایەش لە پەرلەمان پەسند نەکرا.