هاوژینی سەرۆکی لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی بەسرە سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر باسل عەباس، هاوژینی زەهرە حەمزە عەلی، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراقدا سەپاند.
بەگوێرەی بڕیارەکە "بەهۆی ئەوەی کاتێک [باسل عەباس] بەڕێوەبەری بەشی دەرهێنانی ناوەندیی بووە لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە، پسووڵەی کۆمپانیاکەی ساختە کردووە و بۆ کۆمپانیاکانی ناردووە کە لە بەندەری بەسرە کار دەکەن".
هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە، باسل عەباس "بڕی 71 ملیۆن و 507 هەزار دیناری بردووە کە پارەی سزادانی کۆمپانیای گرین لاند بووە لەبەرامبەر دواکەوتنی ئەو کەلوپەلانەی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە کردبوو بۆ رادەستکردنیان".
باسل پێشینەی هەبووە. بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک، رۆژی 03-07-2018، بە نووسراوی فەرمی باسل عەباس لە پۆستی بەڕێوەبەری بەشی بەدواداچوون لە دەستەی لێکۆڵینەوە و پلاندانان و بەدواداچوون لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە بەهۆی ساختەکاری و گەندەڵییەوە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.