سەرۆککۆماری عێراق لە موسڵە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری عێراق بە یاوەری ژمارەیەک وەزیری حکومەتی عێراق، گەیشتە شاری موسڵ و دەڵێت: "لە شاری موسڵین بۆ گوێگرتن لە کێشەکانیان و ئاگاداربوون لە دۆخی شارەکە." 
 
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 28-12-2022، د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق گەیشتە شاری موسڵ و لە باڵەخانەی پارێزگای نەینەوا لەلایەن نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا و بەرپرسانی دیکە و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەو پارێزگایە پێشوازی لێکرا. 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دواتر سەرۆککۆمار سەردانی خانەیەکی بێسەرپەرشتان دەکات؛ هەروەها سەردانی زانکۆی موسڵ و کتێبخانەی ناوەندی دەکات. بڕیاریشە کاژێر 03:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ لە هۆڵی کۆشکی سپی لەگەڵ پەرلەمانتار، وەزیر، سەرۆکهۆز و کەسایەتییەکانی پارێزگای نەینەوا کۆبێتەوە.
 
سەرۆککۆماری عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند: "لە شاری موسڵین لەنێو کەسوکارەکەمان بۆ گوێگرتن لە کێشەکانیان و ئاگاداربوون لە دۆخی شارەکە کە بەهۆی تیرۆری داعشەوە کۆژانی زۆری چەشتووە. داعش هەوڵیدا ناسنامەی فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە تێکبدات." 
 
د. لەتیف رەشید دەڵێت: "لەگەڵ لایەنە حکومییەکان کاردەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی شاری موسڵ و تەواوکردنی پرۆژەکان و بووژاندنەوەی گوزەران و خزمەتگوزاریی خەڵکە رێزدارەکەی."