دژەتیرۆرى عێراق خانەى مەزهەب لە فۆڕمى دامەزراندن دەسڕێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگاى دژەتیرۆرى عێراق خانەى پرسیارى مەزهەب لە فۆڕمى دامەزراندنى ئەو دەزگایە دەسڕێتەوە، کە پێشتر دەبوو کەسی پێشکێشکار مەزهەبی خۆى لەنێوان سوننە و شیعە دیاری بکردایە. ئەندامێکى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "ئەو خشتەیە جیاکاری بووە و دژ بە دوو مادەى دەستوورە."
 
رۆژی چوارشەممە 27ى کانوونى یەکەمى 2023 دەزگاى دژەتیرۆرى عێراق لە فۆڕمى وەرگرتنى کارمەندانیدا خانەیەکى سڕییەوە کە پرسیارى لەبارەى مەزهەبی کەسی پێشکێشکارەوە دەرکرد لەنێوان سوننە و شیعەدا.
 
باسم خەشان، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دانانى ئەو خانەیە لەو فۆڕمەدا نایاسایی و جیاکاری بووە.
 
رۆژی 26ى کانوونى یەکەمى 2023 دەزگاى دژەتیرۆرى عێراق لینکى پێشکێشکردنى داواکاریى بۆ دامەزراندن لەو دەزگایە کاراکرد، کە تاوەکو کاژێر 11:59ى شەوى 28ى کانوونى یەکەمى 2023 بەردەست دەبێت. پێشکێشکردنى ئەو دامەزراندنە لە رێگەى پڕکردنەوەى فۆڕمێکى ئەلیکترۆنییەوەیە کە چەند خانەیەکى تایبەت بە زانیاریى کەسیی تێدایە، لەوانە ئایین و نەتەوە.
 
باسم خەشان گوتی، "ئەو خانەیە دژ بە مادەکانى 16 و 14ى دەستوورى عێراقە."
 
مادەى 14ى دەستوورى عێراق باس لەوە دەکات، هاووڵاتییانى عێراق یەکسانن لەبەردەم یاسا بەبێ جیاوازیى رەگەز و نەتەوە، رەنگ، ئایین، مەزهەب، بیروباوەڕ و دۆخى ئابووری و کۆمەڵایەتییان.
 
هەرچى مادەى 116ى دەستوورە دەڵێت، پێویستە مافى دەرفەت بۆ هەموو عێراقییەکان دەستەبەر بکرێت و دەبێت حکومەت رێوشوێن لەو پێناوەدا بگرێتەبەر.
 
ئەو دامەزراندنانەى دەزگاى دژەتیرۆرى عێراق زیاتر لە سێ هەزار کەس دەگرێتەوە لە هەموو عێراق، هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستانیش دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن.