سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە عێراقە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا درەنگانی شەوی رابردوو گەیشتە عێراق و، ئەمڕۆ لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی و گەورە بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسانیا بە سەردانێک گەیشتە عێراق؛ ئەمڕۆش لە کۆشکی حکومی لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مەراسیمێکدا پێشوازی لێدەکرێت. 
 
جگە لە سوودانی، بڕیارە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆبێتەوە. 
 
رۆژی 23-12-2023 نووسینگەی حکومەتی ئیسپانیا رایگەیاندبوو پێدرۆ سانچێز 27ـی ئەم مانگە، بە سەردانێکی دوو رۆژی دەگاتە عێراق، بەوەش دەبێتە یەکەمین جار سەرۆکوەزیرانێکی ئەو وڵاتە ئەوروپییە سەردانی عێراق بکات. 
 
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی نەریتێکی ساڵانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیادا دێت، کە بە بۆنەی سەری ساڵەوە، ئەو هێزە ئیسپانییانە بەسەردەکاتەوە، کە لە دەرەوەی وڵات جێگیرکراون. پار، سانچێز سەردانی لوبنانی کرد و ئەم ساڵ عێراقی هەڵبژاردووە. 
 
سەردانەکەی بۆ عێراق لە کاتێکدایە لە 24ـی ئایاری ئەم ساڵەوە ئیسپانیا بە فەرماندەیی ژەنەراڵ خۆزێ ئەنتۆنیۆ ئەگوێرۆ مارتینێز، سەرۆکایەتیی هێزی ناتۆی لە عێراق گرتووەتە دەست. 
 
حوزەیرانی ئەم ساڵ، وەزارەتی بەرگریی ئیسپانیا رایگەیاند کە 370 سەربازی ئیسپانی لە چوارچێوەی ئەرکەکانی ناتۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە عێراق جێگیرکراون. 
 
تیمی ناتۆ لە عێراق هیچ ئەرکێکی شەڕکردنی نییە و تەنیا راوێژ و راهێنان بە هێزە خۆجێیەکان دەدات. 
 
ناتۆ دەڵێت، ئەرکی سەرەکیی تیمەکەی بریتییە لە یارمەتیدانی عێراق لە بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان و بەرەوپێشبردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی بۆ ئەوەی بتوانن سەقامگیریی وڵاتەکەیان بپارێزن و رێگری لە گەڕانەوەی داعش بکەن. 
 
دوایین سەردانی بەرپرسانی باڵای ئیسپانیا بۆ عێراق، لە کانوونی دووەمی 2019 بوو، کاتێک شا فلیپی شەشەم سەردانی بەغدای کرد و لە کۆشکی سەرۆکایەتیی سەلام لە بەغدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق کۆبووەوە.