بەرپرسێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی: بە نەمانی هێزی بیانی، هێرشی گرووپە چەکدارەکان کۆتاییان دێت

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان دەڵێت، هێرشی گرووپە چەکدارەکان پاڵنەر و پاساوی خۆی هەیە، ئەگەر هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراق نەمێنن، ئەوا هێرشی گرووپە چەکدارەکانیش نامێنن.
 
د.عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان، رۆژی پێنجشەممە ( 28-12-2023)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڵویستی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی روونە، بنەمای چەسپاو هەیە کە حکومەتەکەی پێوە پابەندە و هەموو هێزەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیش لە پاڵپشتین کە، پێشێلکردنی سەروەریی عێراق رەتدەکرێنەوە و  قبوڵکراو نییە، هەروەک چۆن پابەندن بە پرەنسیپی پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و دەبێت دیدگایەکی یەکگرتوو هەبێت بۆ جموجۆڵی هێزە ئەمنییەکان." 
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق دەڵێت، "حکومەتی عێراق هاوسەنگی راگرتووە، وەک چۆن بۆردوومانکردنی نێردە دیپلۆماتکارەکان رەتدەکاتەوە، بەهەمانشێوە بۆردوومانەکانی ئەمریکاش رەتدەکاتەوە، ئەو هێرشانە لەلایەن حکومەت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەتدەکرێنەوە، چونکە دەبێتە هۆی لاوازبوونی حکومەت و دەوڵەت بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی." 
 
لەبارەی پاساوی هێرشەکانی سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا د.عەلی دیفاعی گوتی، "ئەو هێرشانە هۆکار و پاڵنەری هەیە، ئەگەر ئەو پاڵنەر و هۆکارانە نەبن، ئەوا هێرشی گرووپە چەکدارەکان روونادات. بڕیاری پەرلەمان هەیە بۆ کۆتاییهێنانی هێزی بیانی لە عێراق. بوونی ئەو هێزانە دژی خەڵک و خواستی سیاسیی عێراقە، بۆیە پاساو بۆ ئەو هێرشانە هەیە، چونکە ئێستا هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆک نین و نایەن گفتوگۆ لەبارەی دانانی کاتێکی دیاریکراو بکەن بۆ دەرچوونی ئەو هێزانە." 
 
لەو کاتەوەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، زیاتر لە 100 جار لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی "نزیک لە ئێران"ـەوە هێرش کراوەتەوە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هێرشەکانیشیان بێ وەڵام نەبوون.
 
بە گوتەی مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سوپای ئەو وڵاتە کاژێر 4:45ـی بەیانیی (سێشەممە، 26-12-2023) بە کاتی هەولێر، ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر سێ شوێنی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، کە چاوەڕوان دەکرێت "ژمارەیەک چەکداری کەتائیبی حیزبوڵڵای تێدا کوژرابن."
 
بەهۆی ئەو هێرشانەوە چەکدارێکی حەشدی شەعبی لە شاری حیللەی ناوەندیی پارێزگای بابل کوژرا. 20 کەسی دیکە برینداربوون کە هەشتیان ئەندامی هێزە چەکدارەکانی عێراقن. هاوکات، چوار چەکداریش لە پارێزگای واست لە باشووری عێراق بریندار بوون. 
 
ئەو هێرشە دوای ئەوەهات کە، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، (25-12-2023)، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی برینداربوون، کە برینی یەکێکیان سەختە.