شاخەوان عەبدوڵڵا: هیوادارم هەموو لایەک سوودیان لە هەڵەکان وەرگرتبێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای بڵابوونەوەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و مانەوەی کورسیی حیزبە کوردستانییەکان وەکو ئەنجامە سەرەتاییەکان، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، ژمارەی کورسییەکانی کورد وەکو پێویست و لە ئاست خواستی خەڵکدا نەبووە. راشیگەیاند، "هیوادارم هەموو لایەک سوودیان لە هەڵەکان وەرگرتبێت".
 
رۆژی پێنجشەممە، 28-12-2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی "ئەمڕۆ دوای کۆتاییهاتنی جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەنگی تایبەت لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، دەمەوێت ئەوە رابگەیێنم، کە دواجار کورسی کورد بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەکو پێویست و لە ئاست خواستی خەڵکی کوردستان بەگشتی و کوردستانیانی ئەو ناوچانە نەبوو؛ جا هۆکارەکەی هونەری بێت یان بابەتی تەنزیمی (رێکخستنی) و تەنانەت کەمتەرخەمیش بێت".
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستەکەی وەرگرتووە، دەڵێت، "هەرچەندە لە دوای 2005ـەوە یەکەمجارە کورد لە نیوەی کورسییەکانی کەرکووک کەمتر بهێنێت، بەڵام ئەوەی گرنگە توانرا لە کەرکووک کورد وەکو پێکهاتە زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا ببات و بە پلەی یەکەم بمێنێتەوە".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کردووە، "هەرچی زووە دەبێت تیمی کوردی بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە بۆ دانانی کەسێکی دڵسۆزی کورد وەکو پارێزگار لە کەرکووک؛ پۆستە گرنگەکانی دیکەش لە موسڵ و شارەکانی دیکە دەستبەکاربن و بەرنامەیەکی چڕی هەمەلایەن بۆ ئەو ناوچانە داڕێژن و لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا لەوبارەیەوە گفتوگۆ بکەن".
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سوپاسی هەموو ئەو هاونیشتمانیانەی کردووە کە بەشدارییان لە دەنگداندا کردووە و رایگەیاندووە، "هیوادارم هەموو لایەک سوودی لە هەڵەکان وەرگرتبێت و هۆکاری دابەزینی دەنگی کوردیش هەرکەس و لایەنێک بێت سزای حیزبی و یاسایی خۆی وەرگرێت".
 
18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو؛ ئەوەی گرنگ بوو بۆ کورد لە هەڵبژاردنەکەدا، دەنگی پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین بوو، کە لەو ناوچانە کورد 15 کورسی بەدەستهێنا.
 
لە کەرکووک لە کۆی 16 کورسی، یەکێتی پێنج کورسی و پارتی دوو کورسییان بەدەستهێنا، لە نەینەوا کە 29 کورسییە پارتی چوار کورسی و یەکێتی دوو کورسیان بەدەستهێنا؛ لە پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدین یەکێتی لە هەریەکەیان بەربژێرێکی سەرخست.