ئەحمەد ئەسەدی: بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەشداربووە


رووداو دیجیتاڵ 

شەوی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد، لەکاتێکدا کە بڕیاربوو یەکلاییکەرەوە بێت، بەڵام بەبێ راگەیێندراو و رێککەوتن کۆتاییهات. ئەندامێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێ، نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و بافڵ تاڵەبانیش بەشداربووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2025، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری عێراق و ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گفتوگۆکان بەردەوامن و تاوەکو ئێستا رێککەوتن لەسەر هیچ ناوێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران نەکراوە."
 
ئەو ئەندامەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتڕاستی کردەوە کە شەوی رابردوو بافڵ تاڵەبانی بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردووە و گوتی: "سەردانەکەی ئاسایی بوو و گفتوگۆی برایانەمان کرد."
 
جگە لە پۆستی سەرۆکوەزیران، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دیاریکردنی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانە.
 
رووداو زانیویەتی، یەکێک لە پرسەکانی نێو کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بووە لەسەر دانیشتنی سبەی دووشەممەی پەرلەمانی عێراق و هەروەها باسیش لە پۆستی سەرۆککۆمار کراوە.
 
لیستە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 180 کورسییان بەدەستهێنا و گەورەترین فراکسیۆنیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکهێناوە.
 
بەگوێرەی وادەی دەستووری، لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، لایەنە شیعەکان 45 رۆژیان لەبەردەم دەبێت و پێویست دەکات کە پێش ئەو وادەیە بەربژێری سەرۆکوەزیران دیاری بکرێ.
 
ئێستا سێ بەربژێری سەرەکی و شەشی لاوەکی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا ناویان دەهێنرێ. سێ بەربژێرە سەرەکییەکە، محەممەد شیاع سوودانی، نووری مالیکی و حەیدەر عەبادیین.
 
لەبارەی رێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ، زەهرا کازم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە رووداوی گوت: "ئەو سێ بەربژێرە سەرەکییە یان دەبێت لەنێو خۆیاندا لەسەر دیاریکردنی یەکێکیان رێککەوتن بکەن، یانیش لە شەش بەربژێرە لاوەکییەکە یەکێک هەڵبژێرن."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمە گوتی: "دەنگدان لەسەر یەکێک لە بەربژێرەکان لەنێوخۆی چوارچێوەکەدا دەکرێ و ئەگەر هیچکام لەو رێگەچارانەش پرسەکەیان یەکلایی نەکردەوە ئەوا پەنا دەبرێتە بەر رێگەی سێیەم و کەسایەتییەکی دیکە لە دەرەوەی ئەو 9 کەسە دەهێنرێ و پۆستەکەی پێدەدرێ."
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا. یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.