بۆ رێگریکردن لە خۆڵبارین لە بیابانەکانی باشووری عێراق خاک بە قوڕ دادەپۆشرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچە دوورە دەستەکانی بیابانەکانی باشووری عێراق کە تاوەکو چاو بڕ دەکات تەنیا خۆڵ و گردی لم دیارن، شۆڤڵ و بیلدۆزەرەکان خەریکی راخستنی چینێک لە قوڕن بەسەر گردە لمینەکاندا. ئامانج لەم هەوڵەیان لە بیابانی فراوان و سنوور نادیاردا بەرەنگاربوونەوەی زریانە خۆڵاوییەکانە کە تا دێت ژمارەیان روو لە زیادبوون دەکات.
عێراق ماوەیەکی زۆرە گیرۆدەی دەستی خۆڵبارینە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی ئەوەی وڵاتەکە بووەتە نێچیرێکی سەرەکیی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەو دیاردەیە چڕتر و بەهێزتر بووە.
خۆڵبارین کە بەهۆی وشکەساڵیی تووند، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و نەمانی رووپۆشی سەوزایی دروست دەبێت، شار و گوندەکان بە تۆزێکی سووری بێ کۆتایی دادەپۆشن، گەشتە ئاسمانییەکان رادەگرن و نەخۆشخانەکان پڕ دەکەن لەو نەخۆشانەی بەدەست کێشەی هەناسەوە دەناڵێنن.
دەسەڵاتدارانی عێراق هۆشداريیان داوە لەوەی کە ئەم خۆڵبارینە خنکێنەرانە لە داهاتوودا زیاتر دەبن، ئەمەش وا دەکات وشککردنی کێشەکە لە رەگەوە، ببێتە پێویستییەکی سەرەکی.
لە ناوچەیەکی نێوان شارەکانی ناسریە و سەماوە کە دوور نییە لە شوێنەوارە دێرینەکانی سۆمەرییەکان، کرێکاران شانیان داوەتە بەر ئەرکێکی سەخت. ئەوان بەردەوام کاردەکەن بۆ ئەوەی چینێکی قوڕ بە ئەستووریی 20 بۆ 25 سانتیمەتر بەسەر لم و تۆزی بیابانەکەدا رابخەن.
ئەوە تەنیا بەشێکی پڕۆژەکەیە. کارێکی دیکە چاندنی ئەو نەمامانەیە کە بەرگەی پلەی گەرمی بەرز دەگرن، وەک "پرۆسۆپیس" و "کۆنۆکارپۆس" بۆ ئەوەی رەگەکانیان، خاکەکە زیاتر جێگیر بکەن.
عودەی تەها لەفتە، لە پرۆگرامی نیشتەجێبوونی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN-Habitat) کە بە شارەزاییەکی عێراقییانە سەرپەرشتی پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی خۆڵبارین دەکات، دەڵێ: "ئامانجی سەرەکی کەمکردنەوەی کاریگەریی خۆڵبارینە سنووربڕەکانە کە رەنگە بگەنە کوێت، سعودیە و قەتەر".
لەفتە گوتیشی: "ناوچەیەکی گرنگە سەرەڕای بچووکيی رووبەرەکەی، هیوادارین بۆ هاوینی داهاتوو لە کەمکردنەوەی خۆڵباریندا یارمەتیدەر بێت".
ئامانجێکی کورتخایەنی پڕۆژەکەش بریتییە لە پاراستنی رێگەی خێرای باشوور کە بەهۆی کەمبوونی مەودای بینین لە کاتی خۆڵباریندا، رووداوی هاتووچۆی زۆری لێ دروست دەبن.
خاو بەڵام بەردەوام
بە مەزەندەی وەزارەتی ژینگەی فیدراڵی، عێراق لە هەر ساڵێکدا 243 رۆژ رووبەڕووی خۆڵبارین دەبێتەوە، پێشبینیش دەکرێ ژمارەکە تاوەکو ساڵی 2050 بۆ 300 رۆژ بەرزبێتەوە، ئەگەر رێوشوێنی تۆکمە بۆ کەمکردنەوەی نەگیرێنەبەر.
لە ساڵی 2023دا حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ (UN-Habitat) و سندووقی کوێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری لەو ناوچانەدا دەستیان بە هاوئاهەنگی کرد کە وەک سەرچاوەی سەرەکیی خۆڵبارین دەستنیشان کراون. کاتێک با هەڵدەکات، تۆز و خۆڵی ئەو شوێنانە هەڵدەگرێ و بەسەر شارەکانی سەر رێگەی خۆیدا دەیبارێنێت.
لە سێ ناوچەی باشوور، چەندین رێگەی جۆراوجۆر لە چوارچێوە پڕۆژەکەدا گیراونەتەبەر، لەوانە لێدانی جۆگەی ئاو و دابینکردنی کارەبا بۆ پاڵاوتنی ئاو لە رووباری فوراتەوە، بۆ ئەوەی دوور بگوازرێتەوە و خاکە زەردەکەی پێ سەوز بکرێ.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە زیادکردنی رووبەری سەوزاییە. یەکێکی دیکە یارمەتیدانی جووتیارانە تاوەکو بتوانن کێڵگەکانیان بپارێزن دوای ئەوەی وشکەساڵی و کەمئاوی بەشێوەیەکی بەرچاو رووبەری کشتوکاڵیی کەمکردووەتەوە.
قەحتان مەهنا لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، جێگیرکردنی خاک دەرفەت بە هەوڵە کشتوکاڵییەکان دەدات بۆ ئەوەی لە ناوچە لمینەکاندا بەردەوام بن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق ئەزموونێکی "سەرکەوتوو"ی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و خۆڵبارین لە رێگەی جێگیرکردنی خاکی گردە لمینەکانەوە لە تەپوتۆزی جووڵاوەوە بۆ خاکی پتەو.
عێراق لەم کارەدا بێ ئەزموون نییە. لە حەفتەکانی سەدەی رابردووەوە، وڵاتەکە پڕۆژەی لەو شێوەیەی جێبەجێ کردووە، بەڵام دوای دەیان ساڵ لە شەڕ و ئاڵۆزی، ئاڵنگارییە ژینگەییەکان پشتگوێ خران.
نەجم عەبد تاریش، پسپۆڕ لە زانکۆی زیقار دەڵێت، بەهۆی کاریگەرییە تووندەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەم دواییانەدا "کارکردن دەستیپێکردووەتەوە".
تاریش گوتی: "بە شێوەیەکی خاو، بەڵام بەردەوام بەرەوپێش دەچين".