ئەگەرەکان بەو ئاراستەیەن سوننەکان بە دوو بەربژێر بچنە هۆڵی پەرلەمان


رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سوننەکان ئەوە یەکلایی بکاتەوە کە ئایا بە یەک بەربژێر دەچنە هۆڵی پەرلەمان یان ململانێکان دەگەنە نێو دانیشتنەکەی سبەی.
 
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی دووشەممە (29-12-2025)، پەرلەمانی عێراق یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی خۆی بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندام ئەنجام بدات. 
 
بەپێی دەستوور، دەبێت لەو دانیشتنەدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا سوننەکان لەنێوان دوو بەربژێردا دابەشبوون.
 
ئەندامێکی تەقەدووم دەڵێ، تاکە بەربژێری ئەوان حەلبووسییە. بەرپرسێکی عەزمیش دووپاتی دەکاتەوە، سوورن لەسەر بەربژێرکردنی سامەڕایی. 
 
حەلبووسی یان سامەڕایی؟
 
ململانێی سەرەکی لەنێوان تەقەدووم و هاوپەیمانیی عەزمە. تەقەدووم رژدە لەسەر بەربژێرکردنی محەممەد حەلبووسی، لە بەرامبەردا بەشێک لە لایەنەکانی دیکە پشتیوانی لە بەربژێرکردنی موسەننا سامەڕایی دەکەن. ئەگەر هێزە سوننەکان لە کۆبوونەوەی ئەمشەودا نەگەنە رێککەوتن، پێشبینی دەکرێ ئەم جیاوازییە درێژە بکێشێت و بە دوو بەربژێری جیاواز بچنە دانیشتنەکەی سبەی.
 
عەلی مەحموود، ئەندامی حیزبی تەقەدووم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی 72 پەرلەمانتاری هەیە و تەقەدووم بە 35 پەرلەمانتارەوە گەورەترین هێزە لەنێو سوننەدا."
 
ئەو ئەندامەی تەقەدووم دەنگۆی بەربژێرکردنی هەیبەت حەلبووسی رەتکردەوە و گوتی: "تاکە بەربژێری ئێمە محەممەد حەلبووسییە و هیچ ناوێکی دیکە لەئارادا نییە."
 
ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان لە پارتەکانی تەقەدووم و جەماوەری نیشتمانی، هاوپەیمانێتییەکانی سەروەری، عەزم و حەسم پێکدێت و لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن.
 
محەممەد دەحام، ئەندامی سەرکردایەتیی عەزم و یەکێک لە رێگەپێدراوانی لایەنە سوننەکان بۆ لێدوان بۆ میدیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی کۆبوونەوەیەک بکات بۆ تاوتوێکردنی هەندێک بابەت. پێویستە ئەنجوومەنی سیاسی چەند کاژێرێک پێش دەستپێکردنی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان کۆببێتەوە."
 
محەممەد دەحام گوتی: "پێم وایە ئەم کۆبوونەوەیە بە هەموو شێوەیەک یەکلاییکەرەوە دەبێت. جەخت لەوە دەکەینەوە هەر بڕیارێک دەبێت بە رەزامەندی و مۆڵەتی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی بێت نەک لە دەرەوەی ئەو ئەنجوومەنە."
 
ئەو ئەندامەی عەزم دەڵێت: "پرۆسەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە هەموو دۆخێکدا بەرەو دوو بەربژێر دەڕوات و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێ بگەینە تەنیا یەک بەربژێر. هاوپەیمانیی عەزم رژدە لەسەر بەربژێرەکەی خۆی کە بەڕێز موسەننا سامەڕاییە و هیچ گۆڕانکارییەک لەو بڕیارەدا نییە."
 
سەبارەت بە بەربژێرەکەی تەقەدووم، محەممەد دەحام گوتی: "ئەوان مافی خۆیانە محەممەد حەلبووسی وەک بەربژێر بهێڵنەوە یان بەدوای جێگرەوەیەکدا بگەڕێن، بەڵام بەو مەرجەی ئەو جێگرەوەیە لەنێو ئەنجوومەنی سیاسی بێت، هەروەها جەخت لە پابەندبوون بەو خاڵانە بکرێتەوە کە لە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی لەسەری رێککەوتووین."
 
سوننەکان داوای شەش وەزارەت لە حکومەتی داهاتووی عێراق دەکەن کە بەسەر لایەنە براوەکاندا دابەش بکرێت.