سەرکردەیەکی هاوپەیمانی عەزم: بەپێى زانیارییە دزە پێکراوەکان، حەلبووسی لە خۆبەربژێرکردن کشاوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەیەکی هاوپەیمانی عەزم رایگەیاند، هاوپەیمانییەتییەکەی مکوڕە لەسەر بەربژێرکردنی موسەننا سامەڕایی. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەى زانیارییە دزە پێکراوەکان، "محەممەد حەلبووسی لە خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان کشاوەتەوە و دوو پەرلەمانتاری دیکەى بەربژێر کردووە."
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ى کانوونى یەکەمى 2025، ئەنجوومەنى سیاسیى نیشتیمانى سوننە لە ماڵى خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانیى سەروەرى کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی بەربژێرى سەرۆکى پەرلەمان.
موزەفەر کەرخى، کە یەکێکە لە رێگەپێدراوانى هاوپەیمانى عەزم بۆ لێدوانی میدیایی، لەکاتی بەشداریکردنى لە بووڵتەنى کاژێر 17:00ى رووداو رایگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی سوننە بۆ دیاریکردنی ئەوەیە کە ئایا یەک یان دوو بەربژێریان دەبێت."
موزەفەر کەرخى گوتى: "هاوپەیمانیی عەزم مکوڕە لەسەر بەربژێرکردنی موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانییەتییەکەى بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان. بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان کە پێمان گەیشتووە، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پارتى تەقەدووم کشاوەتەوە و ئەگەر هەیە دوو پەرلەمانتاری دیکە بەربژێر بکات، کە ئەوانیش هەیبەت حەلبووسی و محەممەد نوورین."
رۆژى دووشەممە 29ى کانوونى یەکەم، یەکەم کۆبوونەوەى خولى نوێى پەرلەمان دەکرێت و بڕیارە تێیدا سەرۆکى پەرلەمان و دوو جێگرەکەى هەڵبژێردێن.
موزەفەر کەرخى رایگەیاند، "سەرکردەکانی سوننە لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ئەوە دەکەن کە موسەننا سامەڕایی بەتەنیا بەربژێریان بێت یان لەگەڵ کەسێکی دیکەی پارتی تەقەدووم بچنە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ یەکلاکردنەوە و، پێشبینی دەکرێت بە دوو بەربژێرەوە بچنە کۆبوونەوەی پەرلەمان."
ئەو سەرکردەیەى هاوپەیمانیی عەزم گوتى: "هاوپەیمانیی تەقەدووم مکوڕە لەسەر ئەوەی یەک بەربژێر هەبێت بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام لایەنەکانی دیکە لەگەڵ ئەوەن دوو بەربژێر هەبێت."