بۆنی تەرمی ژێر داروپەردووەکان چەند ناوچەیەکی موسڵی تەنیوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دانیشتووانی موسڵی کۆن لە هەوڵدان خانووەکانیان بفرۆشن و بۆ گەڕەک یان شارەکانی دیکە کۆچ بکەن، بەڵام زۆربەی خانووەکان کڕیاریان نییە. هاوکات بۆنێکی ناخۆشیش چەند ناوچەیەکی شارەکەی تەنیوەتەوە کە خەڵکی دەڵێن هی تەرمی ژێر داروپەردووەکانە.
دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە رزگارکردنی موسڵ لە دەستی داعش، هێشتا شارەکە وەکو خۆی بە وێرانی ماوەتەوە.
شارەکە لە گۆڕەپانی جەنگ دەچێت؛ خانوو و باڵەخانەکان داڕماون و داروپەردووی خانووە رووخاوەکان شەقامەکانیان داخستووە.
خەڵکی ناوچەکە بەهۆی یادەوەرییە ناخۆشەکانی سەردەمی داعش و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە هەوڵ دەدەن خانوو و دووکانەکانیان بفرۆشن، بەڵام کڕیار کەمە.
سەعەد جەرجیس، دانیشتووی موسڵە و دەڵێت: "هاوڕێکانمان زۆربەیان مردن، هەندێکیان هاوژین و منداڵەکانیان مردن. بۆیە کێشەکە ئەوەیە مانەوە لێرە خەم و ئازاری هەیە. ئێستا بۆ من زۆر سەختە کە دەمەوێت ئەم خانووە بفرۆشم و بڕۆم بۆ بەری چەپی شارەکە، چونکە ئەم ناوچەیە وێرانە."
داروپەردووەکان سیمای شارە دێرینەکەیان تێکداوە کە کاتی خۆی بە هەبوونی مزگەت، کەنیسە، پەرستگە و شەقامی مێژوویی بەناوبانگ بوو.
بۆنێکی ناخۆش ناوچەکەی تەنیووە. خەڵکەکە دەڵێن بۆنەکە لەو تەرمانەوە دێت کە هێشتا لەژێر دارووپەردووەکاندا ماون و بەشێکیشی بەهۆی خراپیی ئاوەڕۆ و شەخەڵگەی نایاساییەوەیە.
زۆربەی ئەوانەی پێشتر لەوێ ژیاون و ئێستا بە زیندوویی ماون، روویان کردووەتە دەوروبەری شاری موسڵ و لەوێ دەژین.
عودەی حەمید، دانیشتووی موسڵە و دەڵێت: "دوای داعش و ئازادکردنی شارەکە، پێمان باش بوو لە دەوروبەری شارەکە بژیین. دوو ساڵ لەمەوبەر هیچ خانووێک لێرە نەبوو، ماڵمان لێرە بە تەنیا بوو. بەڵام ئەگەر ئێستا بڕۆیت و سەیری ناوچەکە بکەیت، دەبینیت نزیکەی هەزار خانوو دروستکراون."
ژمارەیەکی زۆری خانووەکانی سەر لێواری رووباری دیجلە زیانیان پێ نەگەیشتووە، بەڵام تا ئێستاش خاوەنەکانیان ناتوانن بگەڕێنەوە نێویان، چونکە پێشتر لەلایەن داعشەوە مینڕێژ کراون.