پەرلەمانی عێراق لێژنە بۆ یەکلاکردنەوەى 6000 بڕیارى بەعس پێکدەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانى عێراق لێژنەیەک بۆ یەکلاکردنەوەى شەش هەزار بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشى دەسەڵاتى پێشووى عێراق پێکدەهێنێت، کە بەشێکیان پەیوەندارن بە پرسی زەوى و زارى هاونیشتمانیانى کورد لە سنوورى مادەى 140.
 
رۆژی 29ى کانوونى دووەمى 2024، سەجاد سالم، ئەندامى لێژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، لێژنەیەک لە نێو لێژنەى یاسایی پێکهێندراوە بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشیى دەسەڵاتى پێشووى عێراق.
 
سەجاد سالم گوتى، "ئەو بڕیارانەى کە پێداچوونەوەیان تێدا دەکرێت نزیکەى شەش هەزارن، دواتر راپۆرتێک لەبارەیەوە دەدەینە پەرلەمان بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت".
 
ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى عێراقى دەسەڵاتى پێشوو هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام بڕیارەکانى هێزى یاساییان هەیە و کاریان پێدەکرێت. هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارانە دەبێت لە پەرلەمان بە دەنگدان یەکلابکرێنەوە.
 
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەشێک لەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕش پەیوەندارن بە پرسی زەوی و زار و خاوەندارێتیان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دیکە.
 
سەباح حەبیب گوتى، "کارکردنى ئەو لێژنەیەى پەرلەمان لەسەر ئەو بڕیارانە لەدواى ئەوەبووە کە لێژنەیەکى ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارەکانى رادەست کردوون بۆ ئەوەى کارى لەسەر بکەن".
 
بەشێک لەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕش، پێویستیان بە دەنگدان نابێت بۆ هەڵوەشاندنەوەیان، بەوپێیەى لەدواى ساڵى 2003 یاساى دیکە دەرکراون کە جێگەی ئەو بڕیارانەیان گرتووەتەوە.