کۆنفرانسی وزەی عێراق؛ "پرسی ئاو گەورەترین ئاڵنگارییە"

رووداو دیجیتاڵ

پانێڵی (ئاسایشی ئاو لە دۆخی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق) لە کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو. لە پانێڵەکەدا هەریەکە لە عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق؛ هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق و تورهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو بەشداربوون باس لە دۆخی ئاو لە عێراق کرا.
 
لە پانێڵەکەدا تیشک خرایە سەر چەمکێکی ستراتیژی کە ئەویش "گرێدراویی ئۆرگانیی نێوان ئاو، وزە و خۆراک"ـە. وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، لە بەردەم دۆخێكی سەختدان و وەزیری ژینگەش رەخنە لە وەزارەتەکانی دیکە دەگرێ و بەوە تۆمەتباریان دەکات کاتێک دەیانەوێ زانیاری لە وەزارەتەکانی دیکە وەربگرن، لە بەرامبەردا داوای پارەیان لێدەکەن.
 
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: پرسی ئاو گەورەترین ئاڵنگارییە
 
عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە پانێڵەکەدا رایگەیاند: "پرسی ئاو لە دۆخی ئێستادا گەورەترین و سەرەکیترین ئاڵنگارییە لەبەردەم دەوڵەتی عێراق. ئێمە لەبەردەم هاوکێشەیەکی سەختداین، چونکە بڕی ئەو ئاوەی دەخرێتەڕوو زۆر کەمترە لەو داخوازییە گەورەیەی بۆ ئاوی خواردنەوە، پیشەسازی و کشتوکاڵ هەیە."
 
وەزیری سەرچاوەکانی ئاو گوتی: "تورکیا بۆ دابینکردنی وزەی کارۆئاوی پێویستی بە کۆکردنەوەی بڕێکی زۆری ئاوە لە بەنداوەکانیدا، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پشکی ئێمە هەبووە. هەروەها ئێرانیش چەندین بەنداوی لەسەر لقە رووبارەکان دروست کردووە کە کاریگەرییان لەسەر رێڕەوی دیجلە هەبووە."
 
عەون زیاب ئاماژەی بەوەش کرد: "پلانمان هەیە کارایی ئاودێری لە 36٪ەوە  بۆ 60٪  بەرزبکەینەوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە بودجەیەکی زۆر و کارێکی ئەندازیاریی مەزنە کە لە توانای ئێستای وەزارەتدا نییە."
 
عەون زیاب دەڵێت: "کێشەی گەورەی ئێمە لە گواستنەوەی ئاوە. ئێستا سیستمی ئێمە بریتییە لە رێڕەوی کراوە، بۆ ئەوەی تەنیا یەک مەتر سێجا ئاو بگەیەنینە شوێنێک کە 60  کیلۆمەتر لێمانەوە دوور بێت، دەبێت 20  مەتر سێجا ئاو لە سەرچاوەکەوە بەربدەینەوە، چونکە زۆربەی لە رێگەدا بەهەڵم دەچێت یان بەفیڕۆ دەچێت."
 
عەون زیاب رایگەیاند، پێویستە حکومەت پێشینە بداتە کەرتی ئاو، چونکە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە و گوتی: "تاکە چارەسەری جدی بۆ داهاتوو شیرینکردنی ئاوی کەنداوە بۆ ئاوی خواردنەوەی شارەکانی باشوور، تاوەکو ئاوی رووبارەکان تەنیا بۆ کشتوکاڵ بمێنێتەوە."
 
وەزیری ژینگە: وەزارەتەکان لەبەرامبەر پێدانی زانیاری داوای پارە دەکەن
 
هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق گوتی: "وەزارەتی ژینگە وەزارەتێکی چاودێرە نەوەک جێبەجێکار. کێشەی ئێمە ئەوەیە کە پیسبوونی ئاو گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. پاشماوەی کارگەکان، کێڵگە کشتوکاڵییەکان و ئاوەڕۆی ماڵان بێ هیچ پاڵاوتنێک دەڕژێنە نێو رووبارەکانمان."
 
وەزیری ژینگەی عێراق گوتی: "پێشتر کە ئاو زۆر بوو، ئەم پیسبوونە بۆ کەنداو دەگوازرایەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی کەمیی ئاو و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، ئاوەکە ناڕوات و پیسبوونەکە لە ناوخۆدا دەمێنێتەوە و بووەتە بازنەیەکی داخراو. ئەو ئاوە پیسەی دەیڕێژین، دەچێتە نێو خاک و بۆ ئاودانی سەوزە و خواردنەوەی ئاژەڵەکانمان بەکاردەهێندرێ، بۆیە دواتر لە رێگەی خواردنەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر سفرەی هاووڵاتییان."
 
بە گوتەی هەڵۆ عەسکەری، یەکێک لە کێشەکانیان نەبوونی هاوئاهەنگییە لەنێوان وەزارەتەکان و گوتی: "داتا و زانیارییەکان لەنێوان وەزارەتەکان بە ئاسانی ئاڵوگۆڕ ناکرێن، هەندێک جار وەزارەتێکی دیکە بۆ پێدانی زانیارییەک بە وەزارەتی ژینگە داوای پارە دەکات، واتە حکومەت داتا بە حکومەت دەفرۆشێتەوە."
 
وەزیری ژینگەی عێراق دەڵێ: "یاسای ژینگەی ساڵی 2009 یاسایەکی زۆر تووندە، بەڵام رێنماییەکان و جێبەجێکردنەکەی لاوازن. ئێمە پڕۆژەیەکمان هەبوو بۆ دانانی وێستگەی چاودێریی زیرەک لە موسڵەوە تاکو بەسرە بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوەی پیسبوونی رووبارەکان، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و نەبوونی بودجە، پڕۆژەکە پەکیکەوتووە."
 
"گۆڕانی کەشوهەوا کارەساتی گەورەی بەسەر عێراق هێناوە"
 
تورهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو رایگەیاند: "لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا، چونکە هەمیشە وڵاتەکەمان بە وڵاتی نێوان دوو رووبار و سەرچاوەی ئاو ناسراوە، ئەقڵییەتێکی وا دروست بووە کە ئاو هەمیشە هەیە و کۆتایی نایەت. هەربۆیە کاتێک دەستووری عێراق نووسرا، باس لەوە کرا کە نەوت و گاز موڵکی گەلن، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە ئاو نەکرا."
 
موفتی دەڵێت: "حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان پرسی ئاویان فەرامۆش کردووە. ئێمە تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی نێودەوڵەتیی بەهێزمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نییە، تەنیا رێککەوتنی ساڵی 1946 لەگەڵ تورکیا و رێککەوتنی جەزائیر لەگەڵ ئێران نەبێت کە تێیدا پرسی ئاو زۆر بە لاوازی باس کراوە."
 
بە گوتەی ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "گۆڕانی کەشوهەوا کارەساتێکی گەورەی بەسەر عێراق هێناوە، هێڵی بارانبارین لە عێراقدا 110 کیلۆمەتر بەرەو باکوور کشاوەتەوە. ئەگەر پێشتر ئەم هێڵە لە نێوان داقووق و خورماتوو بووبێت، ئێستا گەیشتووەتە هەولێر. ئەمە واتە رووبەرێکی یەکجار زۆری زەوی کشتوکاڵی کە پێشتر پشتی بە باران دەبەست، ئێستا بووەتە بیابان."
 
ئاماژەی بەوەش کرد: "رووبارێکی وەک رووباری شەتیت لە کەربەلا، لە سعودیەوە دەهات و ئاوێکی زۆری هەبوو، ئێستا بە تەواوی وشک بووە و کەس باسی ناکات. چارەسەری ئێمە لەوەدایە کە ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئاو دابمەزرێت و بە یاسا دەسەڵاتی پێ بدرێ، تاوەکو بڕیارەکان یەکگرتوو بن و چی دیکە هەر وەزارەتە و بە ئارەزووی خۆی ئاو بەکارنەهێنێت."