چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە؛ یەکێک لە بژاردەکان بۆ سەرۆکوەزیران یەکلایی دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
نووسینێکی دۆناڵد ترەمپ هەنگاوی شیعەکانی لە عێراق بۆ بەدەستهێنانی باڵاترین پۆست تێکەڵ کرد، کە سەرۆکوەزیرانە. سەرەتای هەفتەی داهاتوو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە زۆرترین کورسیی پەرلەمانی هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە کۆدەبێتەوە.
ڤیتۆکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 27ـی کانوونی دووەم لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ ئەو پۆستە، شیعەکانی ناچار کرد شەوێک دواتر کۆبوونەوەی "راوێژکاری" بکەن بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە بێ راگەیاندنی ئەنجامەکەی.
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە رووداوی گوت: "ئەو کۆبوونەوەیەی لە ماڵی نووری مالیکی کرا راوێژکاری بوو و یەک کاژێری خایاند. زۆرینەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تێیدا بەشدار نەبوون، تەنیا هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵا و چەند بەرپرسێکى دیکە بەشدار بوون".
هومام حەموودى یەکەم بەرپرسی شیعە بوو کە لەدواى هۆشدارییەکەى ترەمپ لەگەڵ هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى ئەمریکا کۆببێتەوە و پێى گوت: "پێویستە هەردوولا تێگەیشتنیان بۆ یەکدی هەبێت".
گوتاری لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوەکو ئێستا بە ئاراستەی رەتکردنەوەی هۆشدارییەکەی ترەمپە و وەک دەستوەردانی دەرەکی دەیبینن، بێ ئەوەی هەڵوێستی فەرمییان لەبارەی ئەگەری گۆڕین یان هێشتنەوەی مالیکی هەبێت وەک بەربژێری سەرۆکوەزیران.
بە گوتەی چەند بەرپرسێکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە رووداو قسەی لەگەڵ کردوون، رۆژی شەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2026 ئەو هاوپەیمانییە لەسەر دوو پرس کۆدەبێتەوە. یەکێکیان بەربژێری سەرۆکوەزیران، ئەوی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە.
سەلام زوبەیدی گوتى: "بڕیارە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رۆژی شەممە کۆبوونەوەیەک لەبارەی ئەو پرسە بکات کە ئەوەش پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەبێ، بە شێوەیەک کە هاوسەنگیی ناوخۆیی لە دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران لەبەرچاو بگرێ".
شیعەکان لەو پرسەدا هەر خۆیان نین، بەڵکو پەنایان بۆ راوێژ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بردووە لە هەردوو پێکهاتەی کورد و سوننە.
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا بڕیاری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئاراستەی مانەوەی نووری مالیکییە وەک بەربژێری سەرۆکوەزیران و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەی لایەنە کوردی و سوننەکان کراوە و پەیوەندی هەیە".
پێویستە شیعەکان لەسەروبەندى هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە پەرلەمان، پرسی بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەتەواوی یەکلاکردبێتەوە. بە گوتەی بەرپرسانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رووداو، دانیشتنەکەی پەرلەمان تاوەکو ئێستا بەو ئاراستەیەیە کە 1ـی شوبات ئەنجام بدرێ.
سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە و ئەندامی شاندی رەوتەکە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوە راوێژکارییەکان بۆ ئامادەکاریی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە لە رۆژی شەممەدا کە بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەربژێرەکەیان دەدەن".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی رەوتی حیکمە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سێ بژاردە بڕیار لە یەکێکیان دەدات کە بریتین لە هێشتنەوەی نووری مالیکی وەک بەربژێر، بەربژێرکردنی کەسێکی دیکە لەوانەی پێشتر داوایان پێشکێش کردبوو، کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردن.
بەگوێرەی دەستوور دەبێت لە 15 رۆژ لە هەڵبژاردنی، سەرۆککۆمار بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێ.
سەباح ساڵحی گوتی: "یەکشەممە سەرۆککۆمار لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ. ئەگەر کورد بە یەک بەربژێر یان بە بەربژێری جیاش بەشدار بن، هەڵبژاردنەکە هەر دەکرێت".