سووسەی سوور هەڕەشە لە 10 ملیۆن دارخورمای عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هۆشداری لە زۆربوونی مێروویەکی مەترسیدار دەدات کە هەڕەشە لە ملیۆنان دارخورمای وڵاتەکە دەکات. بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی دارخورماکانیش دەڵێ، ئەم ئافاتە بە "دوژمنی شاراوە" دەناسرێ و بەشێوەیەکی کتوپڕ دارخورماکان لەنێودەبات.
عەدنان حەمید، بەڕێوەبەری پاراستنی دارخورماکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جۆرێک مێروو کە پێی دەگوترێ "سوسەی سووری خورما" لەنێو دارخورماکانی ناوچەی فوراتی نێوەڕاست بڵاوبووەتەوە و "بووەتە هەڕەشە لەسەر نزیکەی 10 ملیۆن دارخورمای ئەو ناوچەیە."
مێرووەکە چییە و بۆچی مەترسیدارە؟
سوسەی سوور جۆرە مێروویەکی رەنگ سوورە و درێژییەکەی نزیکەی 4 میلیمەترە. عەدنان حەمید ئاماژەی بەوە کرد، ئەم مێرووە لە عێراقدا شتێکی نوێیە و پێشتر نەبووە، مەترسییەکەشی لەوەدایە کە "بە شەوان چالاکیی زیاترە و زوو تەشەنە دەسەنێت، کرمۆکەکانی لەنێو قەدی دارخورماکاندا دەژین و لەوێوە دەست بە لەنێوبردنی دارەکە دەکەن."
ئەم مێرووە بە "دوژمنی شاراوە" دەناسرێ، چونکە لە ناوەوەی قەدی دارەکە هێلکە دادەنێ و کرمۆکەکانی نێوجەرگەی دارەکە دەخۆن. دارخورماکە لە رووکەشدا دەکرێ زۆر ئاسایی دەربکەوێ، بەڵام لە ناوەوە دادەخورێ، زۆرجاریش کاتێک هەستی پێ دەکرێت کە کار لە کار ترازاوە و دارەکە گەیشتووەتە قۆناخی لەنێوچوون.
ئەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە
بەگوتەی بەڕێوەبەری پاراستنی دارخورماکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، پارێزگاکانی بەسرە، بابل، ئەنبار، دیالە و واست زۆرترین هەڕەشەیان لەسەرە و گوتی: "لە ناوچەی عەزیزییەی سەر بە پارێزگای واست، نەخۆشییەکە بە بەرفراوانی بڵاوبووەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 دارخورمای بەتەواوی لەنێوبردووە."
سەبارەت بە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو نەخۆشییە، عەدنان حەمید گوتی: "هاوردەکردنی چەند جۆرێک پەیین و مادەی کیمیایی کواڵیتی نزم، لەگەڵ وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا، هۆکاری سەرەکین."
وەک بەڕێوەبەری پاراستنی دارخورماکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێ، بۆ رێگریکردن لەم مەترسییە، وەزارەتی کشتوکاڵ دەستی بە چەند رێکارێک کردووە لەوانە، دابینکردنی مادەی پێویست بۆ باخەوانەکان بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی مێرووەکە، و ناردنی لیژنەی تایبەت بۆ دەروازە سنوورییەکان بۆ رێگریکردن لە هاوردەکردنی هەر مادەیەکی بێ کواڵیتی کە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
چۆن بزانرێ دارخورمایەک تووشبووە؟
وەزارەتی کشتوکاڵ چەند نیشانەیەکی دیاریکردووە کە پێویستە باخەوانەکان سەرنجیان بدات:
- بیستنی دەنگی کرۆشتن و خواردن لەنێو قەدی دارەکە ئەگەر گوێی لێ بگیردرێ.
- هاتنەدەرەوەی شلەیەکی قاوەیی بۆندار لە قەدی دارەکە.
- هەبوونی کونی بچووک لەسەر قەدی دارەکە و دەرپەڕینی پاشماوەی دارەکە کە لە "پووش" دەچێت.
- زەردبوون و وشکبوونی کتوپڕی گەڵاکانی سەرەوەی دارەکە.
- لە قۆناخی کۆتاییدا، دارەکە لەناکاو دەشکێت یان دەڕووخێت، چونکە ناوەوەی بەتەواوی پووچ بووەتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، نزیکەی 22 ملیۆن دارخورما لە عێراقدا هەن.