راپۆرتی لیژنەکان لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق تەواو کران

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، کۆنووسی هەر سێ لیژنەی لاوەکیی سەربازی بەرزکرانەوە بۆ تەواوکردنی پلانی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
 
لیوا یەحیا رەسوڵ، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ئەو سێ لیژنە لاوەکییەی کە لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەغدا پێکهێنران، هەڵسەنگاندنی مەترسی تیرۆر، ئۆپەراسیۆنە هەنووکییەکان و ئایندەی بەهێزکردنی توانای هێزە چەکدارەکانیان تاوتوێ کرد. 
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، لیژنەکان کۆنووسی کۆبوونەوەکانیان بەرزکردووەتەوە بۆ تەواوکردنی پێویستی پلانی کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و گۆڕینی بەرەو پەیوەندیی دوو قۆڵیی فراوان لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. 
 
رۆژی شەممە 27-01-2024، د. حوسێن عەللاوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری سەربازی بە رووداوی رایگەیاند،  سوودانی لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقەوە سەرۆکایەتی گفتوگۆیەکی دوورودرێژی کردووە بۆ کۆتاییهاتنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و چاوخشانەوەی بە سرووشتی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
 
گوتیشی، رۆژی 5ی کانووی دووەمی 2024 داواکراوە کۆتایی بە بوونیان بهێنرێت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا وەڵامی داوەتەوە.
 
راوێژکارەکەی سوودانی دەڵێت، لە ئێستا و داهاتوودا گفتوگۆیەکی ستراتیژی دەکرێت بۆ کۆتایی هاتنی ئەم ئەرکە کە دەبوو لە 2017 تەواوبێت، دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرکەوتن بەسەر داعشدا.
 
دەشڵێت، ئێستا لیژنەیەکی باڵای سەربازی هەیە کە چوارچێوەی تەکنیکی دیاری دەکات، لەوبارەوە ئیرادەیەکی سیاسی هەیە لای محەممەد شیاع سوودانی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا.  
 
رۆژی 27-01-2024، بە سەرپەرشتیی سوودانی، کاری لیژنەی باڵای سەربازیی هاوبەشی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە بەغدا دەستیپێکرد، بۆ پێداچوونەوە بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پسپۆڕانی سەربازی بەرپرسن لە تەواوکردنی ئەرکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەمەش پاش 10 ساڵ لە دەستپێکردنی ئەم ئەرکە و بەدیهێنانی سەرکەوتنی گەورە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراقدا.
 
پاش ئەو کۆبوونەوەیە، کاری لیژنەی باڵای سەربازی (HMC) لەسەر ئاستی سێ تیمی کار دەستیپێکرد: "ئاستی ئەو هەڕەشەی داعش"، "پێداویستییەکانی ئۆپەراسیۆن و هەلومەرجەکان" و "بەهێزکردنی توانا گەشەسەندووەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق".