رێکخراوى کۆچی نێودەوڵەتی: خۆکوشتن لە عێراق زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى لقی عێراقی رێکخراوى کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، خۆکوشتن لە عێراقدا بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی دیکە کەمە، بەڵام لە دوایین شەش ساڵیشدا زیادیکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 29ى شوباتى 2024، وەزارەتى تەندروستیى عێراق، ستراتیژی نیشتمانى بۆ خۆپارێزى لە خۆکوشتن راگەیاند.
ساڵح حەسناوى، وەزیرى تەندروستیى عێراق لە کۆنگرەى دەستپێکردنى ئەو ستراتیژیەتەدا رایگەیاند، عێراق دووەم وڵاتى ئەندام لە کۆمکاری عەرەبییە ئەو ستراتیژیەتە رابگەیێنێت.
لە 26ى ئەیلوولى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق رەزامەندى لەسەر ستراتیژییەتى نیشتیمانى بۆ خۆپارێزى لە خوکوشتن پەسند کرد کە تاوەکو 2030 درێژە دەکێشێت. ئەو هەڵمەتە بە پاڵپشتیى رێکخراوى کۆچی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.
وەزیرى تەندروستیی عێراق گوتی، خۆکوشتن لە وڵاتەکەى هێشتا لە رێژەى جیهانى کەمترە، بەڵام داواى لە رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، راگەیاندنەکان و ناوەندە ئایینییەکان کرد یارمەتیدەری سەرخستنی ئەو ستراتیژییە بن.
لقى عێراقى رێکخراوى کۆچی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات، بە پشتبەستن بە زانیارییەکانى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، لە ساڵى 2022دا 1028 هەوڵى خۆکوشتن لە عێراق تۆمارکراون و 29% هەوڵەکان پیاوان بوون و 71%یان ژنان بوون.
دیار نییە چەند کەس لەو هەوڵانە بەو جۆرە بووە کە بە خۆکوشتن کۆتایی هاتووە.
جۆرجى جیگاورى، سەرۆکى نێردەى رێکخراوى کۆچی نێودەوڵەتی لە عێراق بە بۆنەى راگەیاندنى ئەو ستراتیژییەتەدا گوتی، "عێراق لە دیاردەى خۆکوشتن بەدەر نییە. سەرەڕاى ئەوەى خوکوشتن تێیدا سێ هێندەی وڵاتانى دیکە کەمترە، بەڵام لە دوایین شەش ساڵدا زیادی کردووە. ئەوەش پێویستى بە رێوشوێنى بەپەلەیە".