بەرپرسێکى پێشووى عێراق لەسەر دۆسیەی کڕینی پەین دەدرێتە دادگە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکى پێشووترى وەزیرى کشتوکاڵى عێراق لەلایەن دادگەوە بانگ دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتێک کە ئاماژە بەوە دەکات، 50 هەزار تۆن پەینى کیمیایی لەو وەزارەتە کڕدراوە و نرخى خەمڵێندراوى هەر تۆنێکى 158 هەزار دینار کەمتر بووە لەو نرخەى پێى کڕدراوە.
دادوەرى دادگەى لێکۆڵینەوەى رەسافە لە بەغدا کە تایبەتە بە دۆسیەى دەستپاکى و سپیکردنەوەى پارە بڕیارێکى دەرکرد بۆ بانگکردنى راوێژکارى پێشووترى وەزیرى کشتوکاڵى عێراق بە تۆمەتى بەهەدەردانى پارە.
29ى شوباتى 2024، دەستەى دەستپاکیى عێراق بڵاویکردەوە، ئەو راوێژکارەى پێشووترى وەزیرى کشتوکاڵ لەسەر دۆسیەکى کڕینى پەینى کیمیایی بانگى دادگە دەکرێت.
ئەو دۆسیەیەى بەرپرسەکەى پێشووى لەسەر تۆمەتبارکراوە، تایبەتە بە کڕینى 50 هەزار تۆن پەینى کیمیایی بۆ کشتوکاڵ کە لەلایەن کۆمپانیاى گشتى ئامێرە کشتوکاڵییەکانى سەر بە وەزارەتى کشتوکاڵەوە کڕدراوە، کە بڕى پارەکەى 26 هەزار دۆلار بووە بەگوێرەى گرێبەستێک کە لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئیماراتى کراوە.
بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکانى دەستەى دەستپاکى، گرێبەستی کڕینى ئەو بڕە پەینە کیمیاییە بەو جۆرە بووە کە هەر تۆنێکى بە 520 دۆلار بکڕدرێت کە دروستکراوى سعودیە بووە. ئەوە لە کاتێکدایە لیژنەى راسپێردراو بۆ کڕینى ئەو پەینە نرخى یەک تۆنى بە 393 دۆلار خەمڵاندووە.
نرخى خەمڵێندراوى یەک تۆن لەو پەینە کیمیاییە بە دینارى عێراقى بە 472 هەزار و 80 دینار دیاریکراوە، لەکاتێکدا نرخى کڕینى گەیشتووتە 630 هەزار دینار کە جیاوازى نرخى هەر تۆنێکى لەسەر عێراق نزیکەى 158 هەزار دینار بووە و تێکڕاى پارەى بەهەدەردراوی ئەو گرێبەستە حەوت ملیار و 900 ملیۆن دینار بووە.
دەستەى دەستپاکى ئەو جیاوازى نرخە بە "بەهەدەردانى ماڵى گشتى" ناوبردووە.