تالا خەلیل ئەو پڕۆژەیەى لە عێراق داخست کە خەڵاتى "خوڵقێنەرى هیوا"ى پێ وەرگرت
رووداو دیجیتاڵ
تالا خەلیل، ئەو خانمە پزیشکە عێراقیەى کە خەڵاتى "خوڵقێنەرى هیوا"ى وەرگرت، پڕۆژەى ئەکادیمیاى جەنگاوەرانى بۆ پەروەردەکردنى منداڵ داخست.
تالا خەلیل، خاوەنى ئەکادیمیاى جەنگاوەران لە بەسرە لە پەیامێکدا داخستنى ئەو ئاکادیمیایەى راگەیاند کە تایبەت بوو بە بەخێوکردن و پەروەردەى ئەو منداڵانەى نەخۆشیى درێژخایەنیان هەیە بەتایبەت شێرپەنجە. تالا گوتى، "دەزانم هەواڵەکە بۆ زۆربەتان شۆکە، بەڵام وابیر نەکەنەوە کە رێگەیەک نەبووبێت پەنام بۆ نەبردبێت، ئەکادیمیاى جەنگاوەران بە کاتى یان تاوەکو کاتێکى نادیار دادەدەخەین".
ئەو کچە کە خەڵکى شارى بەسرەیە، رۆژی 26ی کانوونى دووەمى 2024، لە ئیمارات لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبی، خەڵاتى "خوڵقێنەرى هیوا"ى وەرگرت، ئەویش لە پاى ئەو خزمەتەى لە رێگەى ئەو ئەکادیمیایەوە پێشکێشی کردبوو.
تالا خەلیل لە پەیامى داخستنى ئەو ئەکادیمیایە ئاماژەى بەوەدا، ماوەیەکى زۆرە ئەکادیمیاکە بێ پارە بووە بۆیە ئەو بڕیارەیان داوە و گوتى، "ویستم خۆم ئەو پارەیە دابین بکەم، بەڵام ئەنجامى نەبوو، سەدان منداڵ و دەیان فەرمانبەرى هەبوو کە پێویستى بە پارەى زۆرە".
ئەو ئەکادیمیایە لە ساڵى 2015 لەلایەن تالا خەلیل دامەزرێندرا، ئەو منداڵانەی تێدا پەروەردە دەکرێن کە نەخۆشن.
تالا خەلیل دەڵێت، "700 منداڵ هەیە کە ناویان تۆمارکردووە و دەبێت وەریانبگرم، بەڵام ئەو باڵەخانەى ئێستامان تواناى لەخۆگرتنى ئەو ژمارەیەى نییە، ساڵێکە پارچە زەوییەکمان وەرگرتووە، نەتواندراوە یەک بلۆک بخەمە سەرى".