سەرایا ئەولیا دەم: لە 24 کاژێردا شەش هێرشمان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا

 
رووداو دیجیتاڵ
 
گرووپێکی چەکداری عێراقی، بەرپرسیارێتیی شەش هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی عێراق لە ئەستۆ دەگرێت و دەڵێت، هێرشەکان لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا بووە.
 
گرووپی "سەرایای ئەولیا دەم" کە بەشێکە لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی یەکشەممە، 29-3-2026 بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "لە چوارچێوەی پابەندییە شەرعییەکانمان و وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ خوێنی عەلی خامنەیی و ئەو گەنجە عێراقییانەی لە هێرشەکاندا کوژراون، شەش ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆرمان کردووە."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو هێرشانە بنکە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان لە ناوخۆی عێراق کردووەتە ئامانج. گرووپەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشانە "وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو دەستدرێژییانەی کە کراونەتە سەر هێزەکانیان و سەرکردەکانیان."
 
ئەو گرووپە چەکدارە و هاوشێوەکانیان، لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. لە 28ی شوباتەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، ئەو گرووپانە جارێکی دیکە پشتگیری خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دووپات کردەوە، لەو کاتەوە دەستیان بە هێرش کردووە و بەرپرسیاریێتی زۆربەی ئەو هێرشانە دەگرنە ئەستۆ، کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.