مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: لە رۆژێکدا 41 هێرشمان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا


رووداو دیجیتاڵ

گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا 41 هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەو گرووپەدا هاتووە، رۆژی شەممە چەکدارەکانیان بە "دەیان درۆن و مووشەک" هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی هێزەکانی ئەمریکا.
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، مقاوەمەی ئیسلامی بۆ پاڵپشتیکردنی ئێران هێرشەکانی چڕکردووەتەوە و تاوەکو ئێستا بەرپرسیارێتیی نزیکەی 650 هێرشی گرتووەتە ئەستۆ، کە جگە لە بنکە سەربازییەکان، هەندێک جار ناوەندە دیپلۆماسییەکان و ناوچە نیشتەجێبووەکانیشیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی گرووپەکە زۆرترین هێرشی رۆژانەیان لە 17ـی ئاداردا تۆمار کردووە کە 47 هێرش بووە، کەمترین هێرشیان لە 12ـی هەمان مانگدا بووە، کە 13 هێرش بووە.