حەشدی شەعبی: لە نەینەوا سێ جار بۆردوومان کراین
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند پێگەیەکیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا کراونەتە ئامانج.
رۆژی یەکشەممە، 29ی ئاداری 2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێگەکانیان لە پارێزگای نەینەوا لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکی فەرمیدا سێ جار هێرشیان کراوەتەسەر.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشی یەکەم بۆ سەر بارەگای لیوای 14ی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی بووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکانی دووەم و سێیەمیش کراونەتە سەر بارەگای فەوجی چوارەمی سەر بە هەمان لیوا لە پارێزگاکە.
پێش ئەو راگەیێندراوە، غەزوان داودی، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئاداری 2026، لە ناوچەی رەشیدییەی شاری موسڵ، بارەگایەکی لیوای 14 حەشدی شەعبی بۆردوومان کرا.
لیوای 14ی حەشدی شەعبی سەر بە کەتیبەکانی سەیدو شوهەدایە بە سەرۆکایەتیی ئەبو ئالا وەلائی.
بەگوێرەی ئەو دیمانەنەی بڵاوبوونەتەوە دوو کەڵێکی زۆر لە شوێنی تەقینەوەکە بەرزدەبێتەوە و فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی شاری موسڵ دەسووڕێتەوە.
ئێوارەی دوێنێش دوو ئەندامی هێزەکانی پۆلیس لە شاری موسڵ بەناوەکانی عەقید عومەر مەحموود، فەرماندەی فەوجی یەکی فریاکەوتنی پۆلیس و مفەوەز رافع عەبدوڵڵا، کارمەند لە بنکەی پۆلیسی موسڵی نوێ لە بۆردوومانێكدا کوژران.