بۆ پرسی سەرۆککۆمار، پەرلەمان چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بۆ یەکلاکردنەوەی کۆبوونەوەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کە رۆژی دووشەممە بکرێت یان دوا بخرێت. شیعەکان لە نێوخۆیاندا لەسەر ئەو پرسە بوون بە دوو بەرەوە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە، یەکشەممە 29ی ئادار لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبووەوە.
کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیاناى کریستیان لە پەرلەمانی عێراق کە بەشدار بوو لە کۆبوونەوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەدا چەند پێشنیازێک باسکران کە پەیوەندیدار بوون بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لەوانە داوای دواخستنی کرا تاوەکو سازان لەسەر ئەو پرسە دەکرێت، هەندێکی دیکە پێیان وابوو ماوەیەکی دیاریکراو بۆ سازان دابنرێت و بەشێک لە فراکسیۆنەکانیش لەگەڵ ئەوە بوون زوو کۆبوونەوەکە بکرێت. پرسەکە دراوەتە دەست سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ یەکلاکردنەوەی لە دوای بڕیاری کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە ئەمشەو دەکرێت."
زیاتر لە 200 پەرلەمانتار کە زۆربەیان لە فراکسیۆنە شیعەکانن، داوایەکیان واژۆ کردووە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بکرێت.
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کە بەشدار بوو لە کۆبوونەوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا رۆژی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەى پەرلەمان دیارینەکراوە و چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هەڵوێستی ئەوانن بۆ دیاریکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان."
یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 کرا، تاوەکو ئێستا دوو جار پەرلەمان دانیشتنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاریکردووە بەبێ ئەوەی رێژەی یاسایی هەبێت کە 220 پەرلەمانتارە.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "پەیوەندی لە نێوان سەرکردایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە بۆ کۆبوونەوەکە کە ئەمشەو یان سبەی شەو دەکرێت، بۆ ئەوەی پرسی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یەکلا بکەنەوە، کە پەرلەمان دەیەوێت رۆژی دووشەممە بکرێت."
شیعەکان زۆرینەی پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنن و خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنن کە رێگەیان پێدەدات سەرۆکوەزیران لەو پێکهاتەیە بێت.
یەکشەممە 29ى ئادار، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بۆ سەرکردە سیاسییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە و ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی عێراق (هاوپەیمانیی 5 هێزی سوننەکان) داوا دەکات پەلە نەکەن لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران؛ هەروەها هۆشداری دەدات کە سەپاندنی بڕیار بەسەر پێکهاتەکاندا دۆخی عێراق خراپتر دەکات و دەبێت کورد خۆی بڕیار لە پۆستی سەرۆککۆمار بدات.
بۆ پۆستی سەرۆککۆمار 19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن، تاوەکو ئێستا دوو لایەنە کوردستانییەکە لەسەر یەک بەربژێر بۆ ئەو پۆستە رێکنەکەوتوون.
نووری مالیکی تاوەکو ئێستا بەربژێری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام هەندێک لە لایەنە شیعەکان لە دژی بەربژێرکردنیدان؛ ئەو پرسەش لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان باسکراوە.
کلدۆ رەمزی گوتى: "شیعەکان لە نێوخۆیاندا بۆچوونی جیاوازیان هەبوو؛ دەوڵەتی یاسا داوای کرد کە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و راسپاردنی سەرۆکوەزیران راستەوخۆ لە دوای یەک بێت، بەڵام هەندێکی دیکەی وەک فراکسیۆنى سادقوون لەگەڵ ئەوە بوون کە راستەوخۆ دوای سەرۆککۆمار، بەربژێری سەرۆکوەزیران رانەسپێردرێت و لەو 15 رۆژەدا بێت کە دەستوور دیاری کردووە."
بەگوێرەى مادەى 72ى دەستوور، سەرۆککۆمار بەردەوام دەبێت لە پیادەکردنی ئەرکەکانی لە دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی عێراق و کۆبوونەوەی، تاوەکو لە ماوەی 30 رۆژ لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان، سەرۆککۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت و لەدواى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار لە 15 رۆژدا، بەربژێرى گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانى حکومەت رادەسپێرێت"