پەرلەمانتارانی عێراق پێشبینی دەکەن لە مانگی پێنجدا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە بدرێت


رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوایین راپۆرتی خۆی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی ئامادەکرد. 
 
دوای دەرهێنانی خەرجییەکانی حاکیمە و سیادیی کە تێیدا 16 ترلیۆن و 500 ملیار دینار وەک پشکی کوردستان دانراوە، واتە ئەگەر رێککەوتنی هەولێر و بەغدا وەک خۆی جێبەجێ بکرێت مانگانە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. 
 
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: کرێی گواستنەوە دانراوە، بەڵام کرێی دەرهێنان و هەناردەکردنی دانەنراوە، دەبێت ئەوەش دابنرێت کە نزیکەی دوو ترلیۆن و 400 ملیار دینارە، ئەگەر ئەوەش دابنرێت پشکی کوردستان زیاتر دەبێت، دەگاتە 18 بۆ 19 ترلیۆن دینار. 
 
لیژنەی دارایی رۆژانە لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە تاوەکو پەلە بکرێت لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە. پێشبینی پەرلەمان وایە لەنێو مانگی پێنجدا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە بدرێت. 
 
ئەحمەد روبەیعی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: پێمان وایە ئەو پاڵنەرە هەیە کە زۆربەی پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکان لەگەڵ ئەوەدان کە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت بەر لە کۆتایی پشووی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان. 
 
هەرچەندە بەپێی راپۆرتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەبوو 14%ـی بودجەی گشتیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بوایە، بەڵام دواجار رێژەکە کەمکرایەوە بۆ 12.67%.