بەخشینی ئەندامانى جەستە لە عێراق سنووردار دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر هەموارى یاسایەک دەدات و بەخشینی ئەندامانى جەستەى مردوو سنووردار دەکات، لیژنەیەک بە ئەندامیێتى دەزگاى هەواڵگرى دروست دەکات بۆ وردبینى لە بەخشینى جەستە.  
 
پەرلەمانى عێراق 29ـی نیسان کۆدەبێتەوە، یەکێک لە بڕگەکانى کارنامەکە دەنگدانە لەسەر هەموارى یاساى رێکخستنى چاندنى ئەندامى جەستەى مرۆڤ.
 
هەموارەکە پێکهێنانى لیژنەیەک زیاد دەکات، کە تایبەتە بە وەرگرتنى ئەندامى بەخشراوی جەستە، جگە لە نوێنەرى وەزارەتى تەندروستى و پزیشکى دەروونى، دەبێت ئەندامى وەزارەتى ناوخۆ و دەزگاى هەواڵگرى تێیدا ئەندام بن. 
 
یاساکە لە ساڵى 2016 دەرکراوە، ئەوە یەکەمجارە هەموار دەکرێتەوە. ئامانجى رێگرییە لە بازرگانیگردن بە ئەندامانى جەستە، لە هەموارەکەدا سزاى ئەو بازرگانیکردنە لە 10 ساڵ بۆ 15 ساڵ بەندکردن زیادکراوە.
 
یەکێکى دیکە لە گۆڕانکارییەکان ئەوەیە؛ دەبێت گواستنەوەى ئەندامانى جەستە رەزامەندیی یەکەى یاسایی وەزارەتى تەندروستیی عێراقى هەبێت.
 
هەموارەکە رێگرى دەکات لەوەى ئەندامى جەستەى کەسێکى مردوو بگوازرێتەوە بۆ کەسێکى دیکە، ئەگەر کاتێک لەژیاندابووە رەزامەندى نەدابێت بۆ ئەو گواستنەوەیە، ئەگەر دۆسیەى کەسە مردووەکە کە لێکۆڵینەوەى دادگە بێت، بەبێ رەزامەندى دادوەر رێگە نادرێت ئەندامى جەستەى بگوازرێتەوە.
 
تاوەکو ئێستا بانکى هەڵگرتنى ئەندامانى جەستە لە عێراقدا نییە بۆ ئەو کەسانەى جەستەى خۆیان دەبەخشن، بەگوتەى ماجید شنگالى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستیی پەرلەمانى عێراق، لە دواى دەنگدان لەسەر ئەو هەموارە، یاسایەکى دیکە گەڵاڵە دەکەن بۆ دروستکردنى بانکەکە.
 
لە هەموارەکەدا هاتووە؛ ئەو بانکە دەتوانێت ئەو ئەندامانەى جەستە ببەخشێت و لە نێوان دامەزراوەکانى دەوڵەت و دەرەوەدا بیگۆڕێتەوە، لەسەر بنەماى مامەڵەى بەرامبەر، بەگوێرەى رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها وشەى "بێ بەرامبەر" لادراوە بۆ بەخشینەکە.