قەرەبووکردنەوەى خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکانى کەرکووک گەیشتە پەرلەمان

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانى عێراق دەستى بە تاوتوێکردنى پڕۆژەیاسایەک کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەشت بڕیارى دەسەڵاتى پێشووى عێراق بۆ داگیرکردنى زەوى و موڵک کە زۆربەیان تایبەتن بە کەرکووک. گرێبەستى کشتوکاڵی بۆ ئەو خاوەن زەوییانە دەکرێتەوە کە پێشتر داگیرکراون.
 
پڕۆژە یاساکە بە ناوى "گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە بۆ خاوەنەکانیان کە چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشى هەڵوەشاوە گرتوونیەتیەوە" پڕۆژە یاساکە 27ى نیسان لە پەرلەمان خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا.
 
ئەو موڵکانە دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان کە بەهۆى هەشت بڕیار لە نێوان ساڵانى 1975 بۆ 1979 دەرکراون، بڕیارە 369 ى ساڵى 1975 یەکێکیانە. فەهمى بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "تەنیا ئەو بڕیارە زیاتر لە 130 هەزار دۆنم زەوى لە جووتیارانى کوردى کەرکووک داگیرکراوە".
 
بڕیارەکان بۆ گۆڕێنى دیموگرافیای ناوچە کوردستانییەکان بووە، کورد و تورکمان لێی زەرمەند بوون، زۆربەى زەوییەکان کراون بە ناوى وەزارەتى کشتوکاڵەوە. 
 
فەهمى بورهان گوتى: "ئەو زەوییانە ناوچەکانى سەرگەڕان و تۆپزاوا و داقووق و تەنانەت نزیک گەڕەکەکانى کەرکووکیش دەگرێتەوە".
 
لە پڕۆژە یاساکەدا شێوازى قەرەبووکردنەوەى ئەو کەسانە دیاریکراوە کە بەهۆى ئەو بڕیارانەوە لە کەرکووک زەرەرمەند بوون. ئەگەر کەسى زەرەرمەند لە کاتى دەرچوونى بڕیارى لێسەندنەوەى ئەو زەوییە، لە کەرکووک بووبێت، جارێکى دیکە گرێبەستى کشتوکاڵى ئەو زەویەى بۆ دەکرێتەوە.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەگەر کەسى مافخوراو لەکاتى بڕیارەکە نیشتەجێى کەرکووک نەبووبێت، ئەویش لە زەوى ئەو شارە گرێبەستى کشتوکاڵى بۆ دەکرێت."
 
یەکێکى دیکە لە قەرەبووکردنەوەکان، بەهاى بەرهەمە چێندراوەکان و بیرى ئاو و پێداویستییەکانى دیکەی کشتوکاڵییە لە زەوییەکەیدا و دەیدرێتەوە.