لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی مووچەی هەرێمی کوردستان نەکراوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی مووچەی هەرێمی کوردستان نەکراوە. 
 
پێش کۆبوونەوەکە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "پێشتر رێککەوتن کراوە، هیچ کێشە نەماوە. لیژنەی تەکنیکی هەردوو وەزارەتەکانی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق دوێنێ کارەکانیان تەواو کردووە".
 
فارس عیسا گوتیشی، وردبینیی لە لیستی مووچەی مانگی چوار و رێکارەکانی تەرازوی پێداچوونەوە کۆتاییان هاتووە. گوتیشی: "تەنیا ناردنی پارەکە ماوە".
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیەی عێراق بۆ رووداو، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکردووە و هێشتا لە دەرەوەی عێراقە و نەگەڕاوەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 31ـی نیسان، بەبۆنەی رۆژی کرێکاران، لە سەرانسەری عێراق پشووە، ئەگەر بەیانی بڕیار لەسەر ناردنی پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان نەدرێت، ئەوا ناردنی پارەکە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.