بڕیارێک لە سەدرەوە: لێکۆڵینەوە لە سامانی بەرپرسانی سەرایا سەلام بکرێت و ئۆتۆمبێلەکانیان رادەست بکەن
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، لیژنەیەک لەبارەی هەندێک لە چەکدار و فەرماندەکانی گرووپی سەرایا سەلام پێکهێناوە کە یەکێک لە ئەرکەکانیان لێکۆڵینەوەیە لە سەروەت و سامانیان پێش و دوای وەرگرتنی پۆستەکانیان ؛ هەروەها بڕیاردراوە کە بە هیچ شێوەیەک سەردانی فەرمانگەکان نەکەن و لە 10 رۆژدا ئۆتۆمبێلەکانیان رادەستبکەن.
رۆژی چوارشەممە 29ی نیسانی 2026، نووسینگەی موقتەدا سەدر بڕیاری پێکهێنانی ئەو لیژنانەی راگەیاندووە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، لیژنەیەکی حەوت کەسی پێکهێنراوە بۆ تۆمارکردنی دارایی سەرجەم سەرکردەکانی گرووپی سەرایا سەلام بەر لەوەی پۆستەکان وەربگرن و دوای وەرگرتنی پۆستەکانیان. هەروەها یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانیان ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدەن ئەو بەرپرسە سەربازییانەی گرووپەکە سەردانی فەرمانگەکان بکەن، جلی سەربازی لەبەر نەکەن تەنیا لە بۆنە ئاینییەکاندا نەبێت، هەروەها نابێت بەشداریی بۆنەکانی دیکە بکەن تەنیا بۆنەی کەسە نزیکەکانیان نەبێت و بۆ ئەوەش نابێت جلی سەربازی لەبەر بکەن و ناشبێت لە راگەیاندنەکان دەربکەون و پێویستە پەیجەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابخەن.
یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو لیژنەیە ئەوە دەبێت کە رێگە نەدات بەرپرسە سەربازییەکانی گرووپی سەرایا سەلام جگە لە سامەڕا لە هیچ پارێزگایەک چەک هەڵبگرن؛ ئەگەر سەرپێچی بکرێت، سزاکان بریتین لە 3 مانگ بەندکردن و دەستگرتن بەسەر چەکەکەیدا یان رادەستکردنی بە دەزگا ئەمنییەکان و دادگەکان.
ئەو لیژنەیەی موقتەدا سەدر پێکیهێناوە، سەرپەرشتیی رادەستکردنی ئۆتۆمبێلی بەرپرسە سەربازییەکانی گرووپی سەرایا سەلام دەکات کە دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا رادەستیان بکەن.
هەروەها هەر فەرماندە یان چەکدارێکی گرووپەکە پارچە زەوییەک یان خانوویەکی هەبێت، دەبێت بەڵگەنامەکانیان بە خێرایی بۆ ببەن.
بەگوێرەی بڕیارەکە، لیژنەیەکی دیکە پێکهێنراوە بۆ ئەوەی بۆ ماوەی 6 مانگ خولی ئاکار و ئایینی و عەقیدەیی و نیشتمانی بۆ فەرماندەکانی گرووپی سەرایا سەلام بڵێنەوە.
لیژنەی سێیەمیش کە بە فەرمانی موقتەدا سەدر پێکهێنراوە، بۆ ئەوەیە رێگری بکات لەوەی چەکدار و بەرپرسانی سەربازیی ئەو گرووپە پەیوەندییان لەگەڵ سیاسەتڤانانان هەبێت.
ئەو بڕیارەی موقتەدا سەدر لە دوای رۆژێک بوو لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ "ئەبو درع" کە یەکێکە لە کەسایەتییە چەکدارە ناسراوەکانی نزیک لە موقتەدا سەدر،بەهۆی هەڵکوتانە سەر ئەمیندارێتیی بەغدا و نانەوەی پشێوی.