یاسای خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ هەموار دەکرێتەوە، مەرجی تەمەن لادەبرێت


رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق  یاسای خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ هەموار دەکاتەوە؛ گرنگترین گۆڕانکارییەکان لابردنی مەرجی تەمەن و گۆڕینی مووچەی خانەنشینییەکەیە.
 
رۆژی چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: لیژنەکەیان پێشنیازەیاسایەک بۆ هەمواری یاسای خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ تاوتوێ دەکات، کە تێیدا دەستکاریی تەمەنی خانەنشینبوون و مووچەی بەشێک لە خانەنشینانی ئەو هێزانە دەکات.
 
بڕیارە ئەم پێشنیازەیاسایە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بخرێتە بەرنامەی کارەوە، کە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە ئامادە کراوە.
 
مازن غەریب رایگەیاند، یەکێک لە گۆڕانکارییەکان ئەوەیە کە مەرجی گەیشتن بە 45 ساڵی بۆ خانەنشینبوون لاببرێت و هەر کارمەندێکی هێزەکانی ناوخۆ 15 ساڵی خزمەتی هەبێت، دەتوانێت داوای خانەنشینبوون بکات.
 
بەگوێرەی یاسای خزمەت و خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆی عێراق کە لە ساڵی 2011  دەرچووە، هەر کارمەندێک خانەنشین بێت پێویستە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتر نەبێت.
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی هەموارەکە کەسێک کە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێت خانەنشین بێت، بەڵام بڕی مووچەکەی کەمتر دەبێت لەوەی تەمەنی دەگاتە خانەنشینبوون کە 60 ساڵە، بۆ ئەو کەسانەش گۆڕانکاری لە مووچەکانیان دەکرێت تاوەکو کاریگەری لەسەر بژێوییان نەبێت.