شارەوانیی مووسڵ رێگرە لە جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی دابەشکردنی هێڵی ئینتەرنێت
رووداو دیجیتاڵ
خراپی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە مووسڵ، بەشێک لە دانیشتووانی شارەکەی نیگەرانکردووە بە تایبەت ئەو هاووڵاتییانەی کە کاری رۆژانەیان لەسەر ئینتەرنێتە. هەرچەندە بڕیار بوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە پرۆژەیەکی نوێی راکێشانی هێڵی ئینتەرنێت لە مووسڵ جێبەجێبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا شارەوانیی شارەکە رێگرە لە جێبەجێکردنی.
سێ قوتابی لە بەشی ئەندازیاریی زانکۆی موسڵ تاوتوێی پرۆژەی خۆیان دەکەن و هەوڵدەدەن پرۆژەکە فراوانتر بکەن، بۆ ئەو مەبەستە پێوسیتیان بە هێڵێکی ئینتەرنێتی خێرا هەیە، ئەوان ئەگەرچی لە سەرەتای کارەکەیاندان، بەڵام خراپیی هێڵی ئینتەرنێت لە شارەکە، ئاستەنگی زۆری بۆ دروستکردوون.
مستەفا جەمال، خوێندکارێکی زانکۆی موسڵە و، بە رووداوی گوت، "کێشەی ئینتەرنێت کۆنە و هێشتاش بەردەوامە، وای دەبینین کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئینتەرنێت پاکێجی دیاریکراو و خێراییان نییە، ئەو پاکێجانەی دەیدەنە ئێمە، بێ بنەمان، زۆر جار ئەو ئەزموونەمان هەیە و لە نێوەڕاستی ئەزموونەکاندا هێڵی ئینتەرنێت دەپچڕێت."
حەوت کۆمپانیا لە پارێزگای مووسڵ بە رێگەی تاوەری بێتەل ئینتەرنێت لە شارەکەدا دابەش دەکەن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو قەبارە گێگەیەی کە بڕیارە بدرێت بە هەرکەسێک، بەشێک لەو کۆمپانیایانە دەیدەن بە سێ کەس، ئەوەش بووەتە هۆی خاوبوونەوەی هێڵی ئینتەرنێت کە بەشێک لە خەڵکی شارەکەی نیگەرانکردووە.
نەورەس سەمیر، دووکاندارە و دەڵێت، "پێش ئازادکردنی دەڤەرەکەمان، سەرچاوەم لە هەرێمی کوردستانەوە دەهێنا، یان لە دەرەوەی مووسڵ، هەندێک کەس بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئینتەرنێتیان قۆرخکردووە. پێشتر هاووڵاتییان 30 هەزاریان دەدا بۆ هاوبەشیکردن، بەڵام ئێستا 40 هەزار دەدەین و ئینتەرنێتێکی باشیشمان نییە."
ساڵح حەسەن، خاوەن کارە و باسی لەوە کرد، "لەم سەردەمە هەموو شت بووەتە ئینتەرنێت، هەرکاتێک ئینتەرنێت بوەستێت، هەموو کارەکانمان رادەوەستن، ئەگەر کۆمپانیایێکی رێکلام یان فەرمانگەیەکی حکومەت بێت. ئێستا هەموو شتێک پەیوەستە بە ئینتەرنێتەوە، بۆیە پێویستە نرخەکەی کەمتر بێت و خزمەتگوزارییەکەش باشتر بکرێت."
هەرچەندە وابڕیاربوو لە سەرەتای ئەمساڵ پرۆژەی FTTH لەڕیگەی کێبڵ و لەژێر شەقامەکاندا بگاتە ماڵان، بەڵام بەهۆی رازی نەبوونی شارەوانی، تاوەکو ئێستا پرۆژەکە دەستی پێ نەکردووە.
سەعد عەزام، نوێنەری کۆمپانیای "نوور ئەلبیدایە" بۆ ئینتەرنێت بە رووداوی گوت، "گەورەترین ئاستەنگ ئێستا رازیبوونی شارەوانییە بۆ ئەوەی شەقامەکان هەلکۆڵین، چونکە ئەم پرۆژەیە پێویستی بە هەلکۆڵینی شەقامەکان هەیە بۆ ئەوەی لەڕێگەی کێبڵەوە ئەو پرۆژەیە بگاتە هەموو شوێنێک. هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە ئێستا کار لە شەقام و رێگەکانی مووسڵ دەکرێت و نۆژەندکرێتەوە."
لە سنووری پارێزگای نەینەوا زیاتر لە 600 هەزار هاوبەشی ئینتەرنێت هەن، بەگوتەی خەڵکی شارەکە، ئەگەر ئەو پرۆژەی راکێشانی هێڵی ئینتەرنێتە جێبەجێبکرێت، ئەوە قۆرخکارییەکەی گەورەی کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت کۆتایی پێدەهێنرێت.