لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا لە عێراق 4 کاژێر هێڵەکانی ئینتەرنێت رادەگیرێن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی دا، لەکاتی تاقیکردنەوەی قوتابخانەی ناوەندیی و ئامادەیی لە عێراقدا، چوار کاژێر هێڵەکانی ئینتەرنێت رابگیرێن.
ئیبراهیم نامس جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕی لە کاتی تاقیکردنەوەی گشتیی ناوەندی و ئامادەیی لە کاژێر 4ی بەرەبەیان تاوەکو 8ی بەیانی هێڵی ئینتەرنێت رابگیرێن.
وەزیری پەروەردەی عێراق دەڵێت بە پشتیوانیی سەرۆکوەزیران هەموو هەوڵەکان خراونەتەگەڕ بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی گشتیی ناوەندی و ئامادەیی.
ئەمە لەکاتێکدایە، هیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق رۆژی دووشەممە، 15-05-2023 گوتی وەزارەتی پەروەردە داوایەکی پێشکەش کردوون بۆ راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا، بەڵام داواکەیان رەتکردووەتەوە.
لە عێراق تاقیکردنەوەی سێی ناوەندی لە 01-6-2023 دەستپێدەکات و 17-06-2023 کۆتایی دێت. تاقیکردنەوەی شەشی ئامادەییش لە 21-06-2023 دەستپێدەکات و 15-07-2023 کۆتایی دێت.
نەجوا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە، 29-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشوازی لەو بڕیارە دەکەن. هەموو ساڵێک لەکاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان داوایان کردووە کە هێڵی ئینتەرنێت رابگیرێت، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە دزەپێکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکان.
چەند ساڵێکە لە عێراق لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا پرسیارەکان دزەی پێدەکرێت و بڵاودەبێتەوە، درەنگانی شەوی چوارشەممە 1/6/2022، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی سێی ناوەندی بابەتی بیرکاری بڵاوبووە و ئەوەش دەنگدانەوەی گەورەی بەدوادا هات؛ بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی پەروەردەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، بڕیاریان دا تاقیکردنەوەکان دوابخرێن.
رۆژی سێشەممە، 7-6-2022، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دزەپێکردنی پرسیارەکان شورەییە لە وڵاتێکدا کە سەرچاوەی وشەیە، بەتۆمەتی دزەپێکردنی پرسیارەکان و دروستکردنی پێشووی 5 گەورە فەرمانبەر دەستگیرکراون."