سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر مووچە یاداشتێک دەدەنە سوودانی و دادگەی فیدراڵی
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، فراکسیۆنە کوردستانییەکان یاداشتێکی هاوبەش دەدەنە سەرۆکوەزیرانی عێراق و دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق. پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتیی کوردستانیش دەڵێت، بڕیارەکەی وەزیری دارایی عێراق جێبەجێ ناکرێت و دەبێت لە نزیکترین کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فراکسیۆنە کوردستانییەکان یاداشتێکی هاوبەش ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق دەکەن سەبارەت بە بڕیارەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق.
رۆژی چوارشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و پێی راگەیاندن کە وەزارەت "بۆی ناکرێت" بەردەوام بێت لە تەمویلکردنی هەرێمی کوردستان بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە، بە بڕی (13.547) تریلیۆن دینار لە کۆی خەرجی کردەیی (فعلی)."
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی، "بڕیارەکەی وەزیری دارایی عێراق، نادەستوورییە، دژی بڕیاری ژمارە 223ـی دادگەی باڵای فیدراڵییە، نا ئەخلاقییە و پێچەوانەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقە".
هەرێم کەمال ئاغا دەپرسێت، هێشتا خشتەی یاسای بودجەی 2025 رەوانەی پەرلەمان نەکراوە و پەسند نەکراوە، ئەم ساڵ مانگی پێنج تەواو نەبووە، بە چ پێوەرێک مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی و شایستەی هەرێمی کوردستان دەبڕێت؟
بەهەمان شێوە، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، سیاسییە، دژی دەستوور و بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقە و جێبەجێ ناکرێت، پێویستە لە نزیکترین کات مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران خەرج بکرێت".
بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی پارتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە و دەبێت ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت.
شێروان دووبەردانی، جەختی لەوە کردەوە، لەسەر ئەو بابەتە فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکدەنگ و یەکهەڵوێستن و یاداشتێکی ناڕەزایی دەدەنە سەرۆکوەزیرانی عێراق.