بەرپرسی دابەشکردنی مووچەی داعش دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، "لە رێگەی دانانی کەمینێکی تووندوتۆڵ لە ناحیەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکووک، توانیمان تیرۆریستێکی داواکراو دەستگیربکەین."
 
دەستگیرکراوەکە ئافرەتە و بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازیی عێراق، "بەرپرس بووە لە دابەشکردنی مووچە بەسەر ئەندامانی رێکخراوی داعش لە حەویجە."
 
هەواڵگری سەربازیی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، "تۆمەتبارەکە لە کاتی دەستگیرکردنیدا بڕێک پارە و بەڵگەنامەی ساختەی پێبووە، کە بەڵگەنامەکانی بۆ هاتووچۆکردن بۆ دابەشکردنی مووچە بەسەر ئەندامەکانیان بەکارهێناوە."
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگریی ورد و چاودێریی بەردەوامی هێزەکانیان بووە، هەروەها بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری کەرکووک.