حکومەتی عێراق: سووتاندنی قورئانی پیرۆر پەیوەندی بە ئازادی رادەربڕینەوە نییە


رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق بە "تووندی" سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوێد دەکات، هۆشداری لە ئەنجامە "نەرێنییەکانی" دەدات و دەڵێت، "پەیوەندی بە ئازادی رادەربڕینەوە نییە." 
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "حکومەتی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکات کە ئەمە چەندینجارە لەلایەن کەسانی دەروون نەخۆش و تووندئاژۆوە بە ئاشکرا و پڕ لە رق و کینە ئەم کارە دەکرێت، وەک ئاڵنگارییەک بۆ هەموو بەها جوان و مرۆییەکان کە هانی رێزگرتن لە ئایینەکان و کتێبە پیرۆزەکان دەدات." 
 
حکومەتی عێراق پێیوایە، "ئەم کارە قێزەونە کە هەستی ملیۆنان موسڵمانی ئازارداوە، بێڕێزییشە بە خودی گەلانی رۆژئاوا کە هەمیشە شانازی بە لەخۆگرتنی فرەیی، رێزگرتن لە بیروباوەڕی ئەوانی دیکە، پاراستنی ئایینەکان و مافی پەیڕەوکەرانی دەکەن." دەشڵێت: "ئەوە کردەوەیەکی رەگەزپەرستی و هاندانی تووندوتیژی و رق و کینەیە."  
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، "رێگەدان بەم تووندڕەوە نەزانانە کە بڕواداران تووڕەبکەن و بەبێ ڕێگری گەمژەیی دەکەن، جارێکی دیکە راماندەکێشێتەوە بۆ نێو تاڵاوی تیرۆر و تووندڕەوییەوە کە جیهان هێشتا پێوەی دەناڵێنێت. بێگومان ئەو لایەنانەی لە پشتیانەوەین، یان رێگەیان پێدەدەن و هانیدەدەن بۆ درێژەدان بەم جۆرە گەمژەییانە، بەرپرسن لە هەموو ئەو ئەنجامە نەرێنییانەی کە بەدوای خۆیدا دێن. بەشێوەیەکی راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ."
 
حکومەتی عێراق داوا لە حکومەتە پەیوەندیدارەکان دەکات "دەستپێشخەری بکەن و درێژەدان بەو کارە خراپانە رابگرن کە هەمووان بەرەو ئەنجامێک دەبات کە کەس خوازیاری نین." 
 
لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان کۆچبەریکی عێراقی لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند. 
 
سەلوان کە پەنابەرێکی عێراقیی بە بنەچە خەڵکی پارێزگای نەینەوایە، رۆژی 5ـی شوباتی ئەمساڵ رایگەیاند، چاوەڕوانی رەزامەندیی لایەنە فەرمییەکان دەکات بۆ ئەوەی لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد قورئان بسووتێنێت و گوتی، جاری داهاتووش لەبەردەم مزگەوتی ستۆکهۆڵم قورئان دەسووتێنێت، بەڵام رۆژی 10ـی شوبات لەلایەن پۆلیسی سویدەوە داواکەی رەتکرایەوە، رۆژی 14ـی شوبات داوایەکی خستە بەردەم دادگەی فیدڕاڵی لە ستۆکهۆڵم بۆ رازی بوون لەسەر بابەتەکە.
 
سەلوان تەمەنی 37 ساڵە و خۆی بە "عێراقییەکی لیبراڵ، عەلمانی و بێ ئایین" دەناسێنێت، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانییە لە ساڵی 2014 بۆ 2018 و ئەندامی پارتە دیموکراسییەکانی سوێدە. دەرچووی پەیمانگەی نەینەوایە بۆ گەشتیاری و هۆتێل.