خەزعەلی: لە بەغدا و کوردستان هەوڵدراوە ئاڵای هاوڕەگەزخوازان هەڵبکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق ئەمریکا تۆمەتبار دەکات کە "لە عێراق هەوڵی بڵاوکردنەوەی هاوڕەگەزخوازیی دەدات" و دەڵێت، لە بەغدا و هەرێمی کوردستان هەوڵدراوە ئاڵای هاوڕەگەزخوازان هەڵبکرێت. هاوکات داوای پێداچوونەوە بە رێککەوتنی ستراتیژیی لەگەڵ ئەمریکا و رووبەڕووی هاوڕەگەزخوازیی دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 29-06-2023، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق لە گوتاری نوێژی جەژنی قورباندا رایگەیاند، "هەموو هاووڵاتییەک خاوەن غیرەتە بۆ ئەوەی رووبەڕووی پرۆژەی بڵاوکردنەوەی هاوڕەگەخوازیی بوەستێتەوە. پێداگرییەکی سەرسووڕهێنەریش لای وڵاتانی زلهێز هەیە و لە پشت بڵاوکردنەوەی هاوڕگەزخوازیین، پێشتریش هۆشداریمان دابوو لەبارەی هاوڕگەزخوازی."
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق کە خاوەن گرووپێکی چەکداریی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە گوتی، "لە بەغدا و کوردستان هەوڵدراوە ئاڵای هاوڕەگەزخوازان هەڵبکرێت، پرۆژەکە ئامانجەکەی بەها، ئاکار، ئایینە و بە ئامانجکردنی خێزان و منداڵە، ئێمە ئێستا لەبەردەم بە ئامانجکردنێکی گەورەی هاوڕەگەخوازخوازین بە بڵاوکردنەوەی ئەو کارە."
قەیس خەزعەلی کە ناوی لەنێو لیستی سزاکانی ئەمریکایە، هێرشی تووندی کردە سەر ئەمریکا و بەوە تۆمەتباری کرد کە "لە پشت ئەو پرۆژەیە و دەیەوێت لە کۆمەڵگەی ئیسلامی" بڵاویبکاتەوە و گوتی: "ئەمریکا رایگەیاندووە وڵاتی هاوڕەگەزخوازانە، ئەمەش مانای وایە وڵاتێکی لادەر و نامۆیە، دەیەوێت هاوڕەگەزخوازی لە کۆمەڵگەی ئیسلامی بڵاوبکاتەوە. زۆربەی رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان خواستی ئەمریکا جێبەجێدەکەن."
خەزعەلی داوای لە دەستەبژێر و میدیاکاران کرد، "رووبەڕووی پرۆژەی ئەمریکا ببنەوە" و گوتی: "باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هەوڵی بڵاوکردنەوەی هاوڕەگەزخوازی دەدات، بەرنامەی سکۆلەرشیپی خوێندن لە ئەمریکا بە ئامانجکردنی منداڵانە و مەترسییە بۆ سەر عێراق."
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق راشیگەیاند، "پێویستە دەوڵەتی عێراق پێداچوونەوە بە هەموو رێککەوتننامەکانی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری بکات، دوای ئەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە وڵاتی هاوەڕەگەزخوازانە." هاوکات داواشی لە حکومەتی عێراق کرد پێداچوونەوە بە رێککەوتننامەی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا بکات.
لە ساڵی 2008ـەوە رێککەوتنێکی ئەمنیی ستراتیژی لە نێوان ئەمریکا و عێراق هەیە کە بە رێککەوتنی سۆفا ناسراوە.
خەزعەلی هۆشداریدا و گوتی: "پێویستە خۆمان ئامادەبکەین بۆ بەرپەرچدانەوەی پرۆژەی بڵاوکردنەوەی هاوڕەگەزخوازی، بەر لەوەی پەلاماری وڵاتەکەمان بدات."