بەشێکی ستافی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دوای کشانەوەیەکی کاتی گەڕانەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەشێكی ئەو کارمەندانەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کە بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانی جەنگی ئیسرائیل و ئێرانەوە کشێنرابوونەوە، گەڕانەوە سەر کارەکەیان. 
 
تۆمارێکی ڤیدیۆیی رۆژی شەممە نیشانی دەدات، دوو هێلیکۆپتەر لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی نێوەڕاستی بەغدا دەنیشنەوە و ژمارەیەک کارمەند دادەبەزن. 
 
12ی حوزەیران، واتە رۆژێک پێش دەستپێکردنی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە کشاندنەوەی کارمەندە ناسەرەکییەکانی لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا و کۆنسووڵخانەکەی لە هەولێر کرد. 
 
بەرپرسێکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە دوای ئەوەش، ژمارەیەکی زیاتری کارمەندەکانیان لە 21 و 22ی حوزەیران کشاندەوە.