ئەو عێراقییانە دیاریکران کە دەتوانن بچنە سووریا
رووداو دیجیتاڵ
عێراق و سووریا رێککەوتن بۆ رێگەدان بە چوونی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە بۆ سووریا کە چوار دۆخی یاسایی و کۆمەڵایەتیی جیاوازیان هەیە، لەوانە ئەو کەسانەی هاوسەرگیرییان لەگەڵ هاووڵاتیی سووریایی کردووە یان دایکیان خەڵکی ئەو وڵاتەن.
رۆژی یەکشەممە، 29ـى حوزەیرانی 2025، باڵیۆزخانەی عێراق لە سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە رێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی دەروازەکانی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی سنووریی قائیمی عێراق و کۆمپانیای فڕۆکەوانیی شام فلای، رەزامەندی دراوە لەسەر چوونەژوورەوەی ئەو عێراقییانەی کە چوار جۆر دۆخی یاسایی و کۆمەڵایەتییان هەیە.
یەکێک لەو عێراقییانەی رێگەیان پێدەدرێت بچنە سووریا، ئەوانەن کە مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کارایان هەیە. هەروەها ئەو عێراقییانەی هاوسەرگیرییان لەگەڵ ژنانی سووریایی کردووە، بە مەرجێک گرێبەستی هاوسەرگیرییان هەبێت کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی سووریا و باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق پەسەند کرابێت، یان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە پەسندکرابێت، ئەگەر گرێبەستەکە لە دادگەکانی عێراق دەرکرابێت.
یەکێکی دیکە لەو عێراقییانەی دەتوانن بچنە سووریا، ئەو ژنە عێراقییانەن کە هاسەرگیرییان لەگەڵ پیاوێکی سووریایی کردووە، بە مەرجێک گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەیان لەلایەن لایەنە پەیوەندارەکانەوە پەسند کرابێت. هەروەها ئەو عێراقییانەی دایکیان سووریاییە، بە مەرجێک بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی ئەوە پێشکێش بکەن.
رۆژی 20ـی شوباتی 2025، وەزارەتی ناوخۆی سووریا گۆڕانکاری لە نرخی ڤیزای سەردانیکردنی وڵاتەکەی کرد و نرخی ڤیزای چوونی عێراقییەکانی لە 50 دۆلارەوە بۆ 250 دۆلار بەرزکردەوە.