دەستەی دەستپاکی: عێراق بووە ئەندامی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە دەستەی دەستپاکیی عێراق، بەئەندامبوونی عێراقی لە کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی راگەیاند. ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراقیش ئەندامبوونەکە بە 'سیمبوولی و بێ سوود' ناودەبات.
دەستەی دەستپاکی لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، "بە نوێنەرایەتیی دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی، دوای واژۆکردنی داواکاریی ئەندامبوون و ناردنی بۆ کۆمەڵەکە، کۆماری عێراق بووە ئەندامی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی."
دەستەی دەستپاکی دەڵێت، کۆمەڵەکە پێشوازیی لە ئەندامبوونی عێراق کردووە و داوای کردووە، کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین لەگەڵ ئەمینداری گشتیی کۆمەڵەکە بکرێت، بۆ تاوتوێکردنی پێویستی و پێشنیازەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق.
کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لە ساڵی 2006 دامەزراوە و تایبەتە بە یارمەتیدانی ئاژانس و دەستەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە سەرانسەری جیهان، بۆ چەسپاندنی دەستپاکی و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی باسی لەوەش کردووە، "کۆمەڵەکە کۆنفرانسی ساڵانە و کۆبوونەوەی گشتی لە چەندین وڵات رێکخستووە، لەوانە نەمسا، چین و قەتەر، ئەمە جگە لە بەڕێوەچوونی کۆڕ، وۆرکشۆپ و پرۆگرامی راهێنان، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، بەمەبەستی یەکخستن و پەرەپێدانی هەوڵەکان لەسەر ئاستی جیهان."
لەبارەی سوودکانی ئەندامبوون لەو کۆمەڵەیە بۆ عێراق، باسم خەشان، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەندامبوون لەو کۆمەڵەیە تەنیا شتێکی سیمبوولییە و هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆی بۆ عێراق نابێت؛ کاریگەریشی لەسەر هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی نابێت."
کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لە 180 ئەندام پێکدێت، کە 16یان وڵاتی عەرەبین.