ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق داوا لە پەرلەمان دەکات 17 پڕۆژەیاسا پەسند بکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق داوا لە پەرلەمان دەکات 17 پڕۆژە یاسا پەسند بکات کە پەیوەندیدارن بە کارنامەى حکومەتەوە و بڕیاریشی دا گومرگى سەر ئاژەڵى هاوردەکراو کەم بکاتەوە و هەموو وەزیرەکانیش رۆژێک دیاری بکەن بۆ پێشوازیکردن لە هاووڵاتییان.
29ى ئابى 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆبوونەوەى هەفتانەى ئاسایی خۆى ئەنجامدا و تێیدا چەند بڕیارێک دران.
باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی داوە بە وەزیرەکان کە رۆژێکى دیاریکراو و راگەیێندراو دابنێن بۆ پێشوازیکردن لە هاووڵاتییان.
گوتەبێژى حکومەتى عێراق گوتیشی، "بڕیاردرا بریندارانى وەزارەتى بەرگرى کە رێژەى بریندارییەکەیان دەگاتە 100%، یەکەى نیشتەجێبوونیان لە پارێزگاکانیان پێ بدرێت؛ هەروەها بڕیاردرا نرخى خانوو و شوقە بە رێژەى 50% کەمبکرێتەوە بۆ ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە زێدى خۆیان."
یەکێکى دیکە لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق ئەوە بووە راسپاردە بکرێت بۆ پەرلەمان بۆ پەسندکردنى 17 پڕۆژە یاسا کە تایبەت و پەیوەندیدارن بە کارنامەى حکومەت لەوانە، هەموارى یاسای دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکی بەرپرسانى دەسەڵاتی پێشوو، هەموارى یاساى دامەزراوەى شەهیدان، پڕۆژە یاسای ئازادیى رادەبڕین و خۆپێشاندانى ئاشتییانە، پڕۆژە یاساى پاراستنى منداڵ، پڕۆژە یاساى پاراستن لە تووندوتیژیى خێزانى، پڕۆژە یاساى وەزارەتى پەیوەندییەکان، پڕۆژە یاسای پەیوەندییەکان و زانیارى، پڕۆژە یاساى بەکرێدانى زەویى کشتوکاڵى، پڕۆژە یاسای دەزگاى هەواڵگریى عێراق، پڕۆژە یاسای دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى، پڕۆژە یاسای دەزگاى بنبڕکردنى تیرۆر، پڕۆژە یاساى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتەکان.
گوتەبێژى حکومەتى عێراقى رایگەیاند، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری داوە بە کەمکردنەوەى گومرگى سەر ئاژەڵى هاوردەکراو بۆ سەربڕین بە رێژەی 4% و دواى شەش مانگ لە دەرکردنى بڕیارەکە چاوى پێدا بخشێندرێتەوە.
باسم عەوادى گوتیشى، "بڕیار دراوە کە ساڵانە 3ى ئادار بکرێتە رۆژى خوێندنەوە لە عێراق لەژێر درووشمى عێراق دەخوێنێتەوە."