باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا: لە سبەینێوە هێزەکانی وڵاتەکەمان بەتەواوی بەغدا چۆڵ ناکەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەڵێت، "ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن هێزەکانی ئەمریکا لە سبەینێوە بە تەواوی بەغدا چۆڵ دەکەن، ورد نین."
گوتەبێژەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاندووە، "بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوە هاوبەشەی رۆژی 27ی ئەیلوولی 2024 بڵاوکرایەوە و تێیدا خشتەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق راگەیێندرا، هێزی ئەرکە هاوبەشەکان - ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین، بەپێی ئەو خشتە کاتییەی رێککەوتنی لەسەر کراوە کار بۆ گواستنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکرێ، ئەمەش لە چوارچێوەی کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە عێراق."
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دوو سەرچاوەی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، لە سبەی شەممەوە هێزەکانی ئەمریکا لە چەند ناوچەیەکی بەغدا دەست بە کشانەوە دەکەن. راوێژکاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنباریش گوتی، لە عەین ئەسەدیش دەکشێنەوە.
بەگوێرەی ئەو دوو سەرچاوەیەی رووداو، کشانەوەکە لە ناوچەی سەوزی بەغدا، فڕۆکەخانەی بەغدا و بنکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەغدا دەبێت.
هەر ئەمڕۆ عەبدوڵڵا جغێفی، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییەکان، کشانەوەی سبەی هێزەکانی ئەمریکا عەین ئەسەدی ئەنباریش دەگرێتەوە."
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014ـەوە لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق و بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش لە عێراق جێگیرن و پێکهێنەری سەرەکی ئەو هێزەش ئەمریکایە.