پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە بەرنامەی کاردایە


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەش لە بەرنامەی کاردایە. پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، کار کراوە بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە، بەڵام ئەگەری دواخستنی کۆبوونەوەکەش هەیە.

بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە، 30ـی ئەیلوولی 2023ـی پەرلەمانی عێراق، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە یەکێکە لە بڕگەکانی کارنامەکە. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق و یەکێک لە نوێنەرانی ئەو پارێزگایە لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کار کراوە بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە، بەڵام "ئەگەر هەیە" لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەنەبن و دوابخرێت.
 
موسەننا ئەمین گوتی، "دوو رێوڕەسمی شیعەکان لە بەغدا هەیە. لەبەرئەوە ئەگەر هەیە ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبن و دوابخرێت؛ دواشبخرێت پەیوەندی بە هەڵەبجەوە نابێت".
 
ئەگەری دواخستنەکە لەکاتێکدایە، بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی رۆژی 14ـی ئەیلوولی 2023ـی پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام بەهۆی نەچوونی بەشێکی پەرلەمانتاران بۆ کۆبوونەوە و تەواونەبوونی ژمارەی یاسایی ئامادەبووان دانیشتنەکە نەکرا.
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە لە چوار مادە و هۆیەکانی دەرچوونی پێکهاتووە، کە ئەمانەی خوارەوەن:
 
مادەی یەکەم: پارێزگایەک بەناوی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان - عێراق دروست دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگای ژمارە 19 لە کۆماری عێراق؛ سەنتەرەکەشی قەزای هەڵەبجە دەبێت.
 
مادەی دووەم: دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان - عێراق، سنوور و یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکە دیاری بکات. لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق پێشنیازی کردووە کە سنووری کارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە و یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە پارێزگاکە بەپێی نەخشەی هاوپێچکراوی یاساکە بێت.
 
مادەی سێیەم: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەو یاسایە جێبەجێ بکەن. هەردوو لیژنەکە پێشنیازیان کردووە "وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن."
 
مادەی چوارەم: ئەو یاسایە لە رێککەوتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی "وەقائیعی عێراقی" جێبەجێ دەکرێت.
 
هۆکارەکانی دەرچوواندن
 
لە هۆکارەکانی دەرچوونی یاساکەدا هاتووە، "بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بەهۆی فراوانبوونی ئاوەدانی و دانیشتووانی شاری هەڵەبجە و بەهۆی ئەو قوربانییە گەورەیەی خەڵکەکەی داویەتی و ئەو زیانە دارایی و مرۆیی و ژینگەییەی بەسەریدا هاتووە لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی لەلایەن رژێمی لەنێوچوو لە ئاداری ساڵی 1998ـدا بە چەکی کیمیایی قەدەخەکراو؛ هەروەها بۆ پشتیوانیکردنی ئەو پێگە جیهانییەی هەیەتی، بەهۆی ئەو قوربانییانەوە، ئەم رەشنووسە پەسندکرا".
 
هەڵەبجە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی عێراق، رووبه‌ره‌كه‌ی‌ 1,599 كیلۆمه‌تر دووجایە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 135 هەزار کەس دەبێت و لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستاندا 75 کیلۆمەتر سنووری هەیە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
 
ئەگەر هەڵەبجە بکرێت بە پارێزگا و دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدرێت، دەبێتە 19یەمین و بچووکترین پارێزگای عێراق لەڕووی دانیشتووان و رووبەرەوەوە.