هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ ئوردن دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە تشرینی یەکەمەوە هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ ئوردن بە هەمان رێکاری پێشوو دەستپێدەکاتەوە، نرخى هەر بەرمیلێکی 16 دۆلار لە نرخی بازاڕ کەمترە.
بۆ تاوتوێکردنی ئەو رێککەوتنە، 28ـی ئەیلوول، ساڵح خەرابشە، وەزیری وزە و سامانە کانزاییەکانی ئوردن سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی وزە و سامانە کانزاییەکانی ئوردن، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی رێککەوتنی نوێیان بۆ هەناردەی نەوت لە عێراقەوە بۆ وڵاتەکەی کردووە کە لە سەرەتای مانگی ئەیلوول رەزامەندی درا بەو شێوەیەی رێککەوتنەکە بۆ سێ مانگ بە هەمان مەرجی پێشوو درێژ بکرێتەوە.
ئەو نەوتەی هەناردەی ئوردن دەکرێ، بە تەنکەر دەگوازرێتەوە و نەوتی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووکە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێککەوتنەکە نەکەوتووەتە واری جێبەجێکردن و لە تشرینی یەکەمەوە جێبەجێ دەکرێ. نەوتەکە لە کۆگەى نوێی نەوت لە کەرکووک کۆدەکرێتەوە و بە تەنکەر دەنێردرێ بۆ پاڵاوگەی زەرقا لە ئوردن."
بەگوێرەی ئەو ئامارەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتى عێراق (سۆمۆ) بڵاوی کردووەتەوە، لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا هیچ بڕە نەوتێک لە کەرکووکەوە هەناردەی ئوردن نەکراوە. سەرچاوەکە لە کۆمپانیای نەوتی باکوور گوتی: "مانگی ئەیلوولیش هیچ بڕە نەوتێک هەناردەی ئوردن نەکراوە".
28ـی ئەیلوولی 2021، عێراق و ئوردن رێککەوتنێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد بۆ ئەوەی رۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی ئوردن بکرێ.
د. نەبیل مەرسومی، سەرۆکی بەشی کارگێڕیی نەوت و گاز لە زانکۆی مەعقەل لە بەسرە بە رووداوی گوت: "لە 1ـی تشرینی یەکەمەوە دەست بە هەناردەکردنەوەى نەوت دەکرێ لە کەرکووکەوە بۆ ئوردن کە رۆژانە 15 هەزار بەرمیل دەبێ."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نەوتی هەناردەکراو بۆ ئوردن لەسەرجەم کێڵگەکانی کەرکووکەوە دەبێ.
د. نەبیل مەرسومی گوتی: "بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەر بەرمیلێک نەوت بە 16 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتى برێنت دەفرۆشرێ، ئەوەش بەهۆی کواڵیتی نەوتەکە و لەئەستۆگرتنی گواستنەوەی لەلایەن ئوردنەوە. عێراق پێشتر داوای کرد نرخەکەی کەم بکرێتەوە، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن و وەک پێشوو مایەوە."
بەپێی ئاماری هەناردەکردنی وەزارەتی نەوتی عێراق، 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵ نەوتی کەرکووک کە هەناردەی ئوردون کراوە، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 866 هەزار و 194 بەرمیل.