لە ئەنبار چوار بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەیەکی سنووریی پارێزگای ئەنبار، تۆڕێکی نێودەوڵەتیی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا، کە لە چوار کەس پێکهاتوون.
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادەی هۆشبەر لە پارێزگای ئەنبار، ئێوارەی رۆژی شەممە 28-10-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی بڕیاری دادوەری، لە دەروازەی قائیم بە هاوکاریی لایەنی پەیوەندیدار بۆسەیەکیان داناوەتەوە و تۆڕێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە، کە لە 4 بازرگانی مادەی هۆشبەر پێکهاتوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، چوار بازرگانەکە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا مادەی هۆشبەری وەکو حەشیش و حەبی کپتاگۆنیان پێبووە.
دەروازەی سنووریی قائیم دەکەوێتە سنووری پارێزگای ئەنبار و هاوسنوورە لەگەڵ سووریا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروبای مادەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی چوارشەممە 25-10-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمساڵ 16 هەزار و 399 کەس بە تاوانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، کە 9600یان سزای لەسێدارەدان و زیندانی تاهەتاییان بۆ دەرچووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، هەر ئەمساڵ دەست بەسەر سێ تۆن و 528 کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیراوە.
هەروەها باس لەوە دەکات کە لە رووبەڕووبوونەوەکاندا 13 بازرگان کوژران و 11ی دیکە بریندار بوون، لەگەڵ کوژرانی سێ کارمەندی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و برینداربوونی 23ی دیکە.
بەپێی ئامارەکان، لەنێوان ساڵانی 2020 تاوەکو 2022 زیاتر لە 37 هەزار بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
دیارترین ئەو جۆرانەی مادەی هۆشبەر، کە لە عێراق بڵاوبوونەتەوە بریتین لە کریستاڵ، کە زیاتر لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق (بەسرە و میسان) بڵاوبووەتەوە و سەرچاوەی هێنانیشی ئێرانە. هەروەها حەشیش لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق زیاتر بڵاوە و سەرچاوەکەی ئێران و ئەفغانستانە. لەگەڵ حەبی کەپتاگۆن، کە زیاتر لە پارێزگاکانی رۆژئاوای عێراق بڵاوبووەتەوە و سەرچاوەکەی لوبنان و سووریایە. لە بەغدا، زۆربەی جۆرەکانی هۆشبەر هەن.