کۆمیسیۆن بە بڕی 24 ملیۆن دینار 8 بەربژێری سزادا و 4 بەربژێری دوورخستەوە

  
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەربژێرێکی دەوڵەتی یاسای بە 10 ملیۆن دینار و 7 بەربژێری دیکەشی هەریەک بە 2 ملیۆن دینار سزادا، هەروەها 4 بەربژێری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخستەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-10-2025، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد.
 
بەشێک لە بڕیارەکان: 
 
عوسمان هادی حیجاوی، بەربژێری ژمارە 10 لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پارێزگای بەغدا بەهۆی سەرپێچیکردنی یاسای هەڵبژاردنەوە، سزای دارایی بە بڕی 10 ملیۆن دیناری بەسەردا سەپێنرا.
 
هەروەها لە پارێزگای موسەننا، 7 بەربژێری دیکە، هەریەکەیان سزای 2 ملیۆن دیناریان بەسەردا سەپێنرا، کە ئەمانەن:
 
1-  عەلی حەمزە حەمادی، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
2- ئەسیل داخل مەجتومی، بزووتنەوەی سادیقوون
3- عاسم عارف سەفرانی، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
4- نازم نایف سەلابی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا
5- حوسام فوزی زرقانی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا
6- حوسێن سەلام غانمی، بزووتنەوەی حقووق
7 - عەلی محەممەد عەزیز، هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی
 
سەرەڕای ئەوانە، چوار بەربژێری دیکە بە هۆکاری جیاواز لە لیستە جیاوازەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە، کە بریتین لە:
 
- حوسێن سەعید کازم (حوسێن عەرەب)، لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بە ژمارە 17 لە پارێزگای بەغدا.
 
- ئیمان خەمیس شەهاب ئەحمەد، لە هاوپەیمانی تەفەوق، بە ژمارە 12 لە پارێزگای ئەنبار، بەهۆی خراپی رەفتار و ژیاننامەکەی.
 
- ئیبراهیم هادی عەبدوڵڵا، لە لیستی رێکخراوی بەدر، بە ژمارە 3 لە پارێزگای بابل.
 
- تەها خوزەیر لهێبی، لە هاوپەیمانی سەروەریی نیشتمانی - تەشریع، بە ژمارە 69 لە پارێزگای بەغدا.
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت.