لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن بۆ رووداو: 13 کەس لەسەر کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی کۆمیسیۆن دڵنیایی دەدات لەوەی هیچ کەسێک ناتوانێت بە کارتی بایۆمەتری کەسی دیکە دەنگ بدات، بەڵام هێشتا پرسی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان لە عێراق گەرمە، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن بۆ رووداو دەڵێ: "13 کەس لەسەر کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەستگیرکراون، 12 دۆسیەی جیاوازی کڕین و فرۆشتنی کارتی بایۆمەتری دەنگدان تۆمارکراون."
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە، کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدانەوە دەکرێت، لە نەینەوا نرخەکەی لەنێوان 50 بۆ 150 هەزار دینارە، لە دیالەش وەکو ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێ 100 هەزار کارت کڕین و فرۆشتنیان پێکراوە، سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرانە، بەڵام دەستگیرکردن وەکو لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن دەڵێ: "تەنیا 13 کەسن".
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2025، فەریق روکنی یەکەم قەیس مەحمەداوی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرپێچییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن زۆرن، تاوەکو ئێستا کۆمەڵێک سەرپێچیی هەمەجۆر لەلای ئێمە تۆمارکراون، بریتین لە مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان، هەڕەشەکردن، دڕاندنی پۆستەر و دانانی پۆستەر لە شوێنی قەدەخەکراودا."
قەیس مەحمەداوی دەڵێ، "12 دۆسیەی کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدان تۆمارکراون، بەڵام ئەو بڕە کارتانەی دەستیان بەسەردا گیراوە لە 10 تێناپەڕن و بەشی زۆریشیان کارتی ساختە بوون."
رۆژی 24ی ئەم مانگە، هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان بە رووداوی گوت، کڕین و فرۆشتنی دەنگ لە عێراق "زۆر بڵاوە"، تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 کەس بەو هۆیەوە دەستگیرکراون. بەڵام سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوە کرد، "تاوەکو ئێستا 13 کەس بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی کارت و تۆمەتی دیکە دەستگیرکراون."
سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردن پێیوایە، پێویستە ئەو هۆشیارییە هەبێت "کەس ناتوانێت بە کارتی بایۆمەتری کەسی دیکە دەنگ بدات و ئەو کارە ئەستەمە."
رۆژی 3ی تشرینی یەکەم بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و تاوەکو 8ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.