کۆمیسیۆن: هەر حیزبێک 25 ملیۆن و هاوپەیمانەکان 50 ملیۆنیان وەک سپاردەی دارایی داناوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر حیزبێک 25 ملیۆن دیناری وەکو بارمتە لەلای کۆمیسیۆن داناوە، ئەگەر سەرپێچی بکەن، لەو بارمتەیە گلدەدرێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، حیزب و هاوپەیمانییەکان پێویستە پارە وەکو سپاردەی دارایی دابنێن، بۆ ئەم جاریش هەموو حیزب و هاوپەیمانییەکان پابەندی ئەم خاڵە کراون."
بە گوتەی نەبەرد عومەر، بڕی بارمتەکە لەنێوان حیزبەکان و هاوپەیمانان جیاوازە. گوتیشی، "هاوپەیمانی 50 ملیۆن، حیزبەکان 25 ملیۆن و بەربژێرە سەربەخۆکان 1 ملیۆنیان بە ماستەر کارت وەکو بارمتە داناوە."
لە هەرێمی کوردستاندا، 8 حیزب و 8 بەربژێری سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەکەن. بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەگەر هاتوو یەکێک لە بەربژێرانی حیزبەکان یان حیزبەکان سەرپێچییان کرد، لە ماستەر کارتەکەیان، بارمتەکە هەژمار دەکرێت."
وەک نەبەرد عومەر باسی کرد، "ئەگەر بڕی سەرپێچییەکە زیاتر بوو لەو بڕەی وەکو بارمتە دانراوە، ئەوە حیزبەکان ئاگادار دەکرێنەوە کە ئەو بەربژێرە ئاگادار بکەنەوە کە سەرپێچییەکەی کردووە، تاکو بڕی پێبژاردنەکە بدات، بە پێچەوانەوە حیزبەکە بەرپرسیارە."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوە بچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتییە و 9ـەکەی دیکەیان کۆتایە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە بەربژێر کردووە.