هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت: نابێت خاکی عێراق بۆ بەئامانجکردنی وڵاتانی دراوسێ بەکاربێت

رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دووپات لە پاراستنی سەروەریی عێراق دەکاتەوە و دەڵێت، نابێت رێگە بدرێت خاکی عێراق بۆ بەئامانجکردنی وڵاتانی دراوسێ بەکاربێت. هاوکات لەبارەی وەزیرانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە بڕیاریدا.
 
رۆژی دووشەممە 28-11-2022 هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەی خولیی خۆی کرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی نیشتمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتی. کۆبوونەوەکە لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا بەڕێوەچوو.
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دیالۆگ و کۆبوونەوە لە ئاستی باڵادا هەیە، بۆ رێگری لە پێشلکردنی سەروەریی عێراق لەلایەن هەر لایەنێکی دەرەکییەوە. هاوکات رایگەیاند؛ کاری جیدی بەردەوامە بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت خاکی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ .
 
کۆبوونەوەکە بڕیاریدا بە تەواوکردنی کابینەی وەزاریی و دانانی وەزیرانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن. هەروەها هاوپەیمانییەکە گوێی گرت لە راپۆرتێکی گشتگیر لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجوومەنی نوێنەران، تاوتوێی وردەکاریی یاساکە کرا لە رووی سیاسی و تەکنیکییەوە. 
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 28-11-2022، کۆبوونەوەی خولیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە لەوانەش پارتی و یەکێتی، لەبارەی چەند پرسێک لەنێویاندا داواکارییەکانی کورد لە حکومەتی نوێ، لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا بەڕێوەچوو.
 
خالید شوانی، ئەندامی شاندی یەکێتی و وەزیری دادی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت، دروستکردنەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـە کە لە ساڵی 2014ـەوە پەکیکەوتووە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بە عەرەبکردنی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان دروستکردبوو و گوتیشی: "دروستکردنەوەی ئەو لیژنەیە، یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی ئەم حکومەتەی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی." 

 

 
خالید شوانی ئاماژەی بەوە کرد: "دەبوو مانگێک دوای واژۆکردنی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 کارابکرێتەوە، دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و تیمی حکومەت، لیژنەکە دروستکرایەوە و لە ماوەی 10 رۆژدا دەست بە کارەکانی دەکات و کارەکان دەچنەوە سەر سکەی خۆی." 
 
هەر یەک لە محەممەد شیاع سوودانی، محەممەد حەلبووسی، نووری مالیکی، عەممار حەکیم، هادی عامری، خەمیس خەنجەر، موسەننا سامەڕایی، فالح فەیاز، فوئاد حوسێن، بەنگین رێکانی، بافڵ تاڵەبانی، رەیان کلدانی، ئەحمەد ئەسەدی و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

 

 
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت گەورەترین هاوپەیمانیێتی پەرلەمانی عێراقە، پێکهاتووە لەو لایەنانەی زۆرترین کورسییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 بەدەستهێناوە، هاوپەیمانێتییەکە دوای کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنرا و پێکدێت لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى، یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان، پارتى دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانیى سەروەرى، هاوپەیمانیی عەزم، بابلیون و چەند لایەنێکی دیکە.
 
پێش کۆبوونەوەکە، عەلی غانمی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی فوراتەین کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، لەبارەی کۆبوونەوەی ماڵی مام جەلال گوتی: "کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەبێت و تایبەت دەبێت بە پێداچوونەوە بە کارەکانی حکومەت لە ماوەی رابردوودا، چاککردنەوەی هەڵەکان و دەستخستنە سەر نەنگییەکان. هەروەها باسی بودجەی تێدا دەکرێت کە ئێستا خەریکە رەشنووسەکەی ئامادە دەکرێت، پشکی کورد لەنێو رەشنووسەکە بایەخی پێدەدرێت، پرسە ئەمنی و ئابوورییەکان باس دەکرێن، لەگەڵ تەواوکردنی کابینەکە."
 
غانمی ئاماژەی بەوە دا هەر لەو کۆبوونەوەیە باسی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکارییەکانی سەروەریی عێراق دەکرێت.