بەڵێنى مووچە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن بەکارهێندراوە
رووداو دیجیتاڵ
هەندێک لە بەربژێرانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بەڵێنى بڕینەوەى مووچەى چاودێرى کۆمەڵایەتییان بە دەنگدەران داوە. حکومەت لەو بارەیەوە هۆشدارى دەدات. بەرپرسێکى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت، "دەنگى بەربژێرێک تۆمارکراوە، کە ئەو بەڵێنە بە دەنگدەران دەدات".
رۆژی 29ى تشرینى دووەمى 2023، میدیاى فەرمیى عێراق هۆشدارییەکى حکومەتى بڵاوکردەوە لەبارەى فریودانى هاووڵاتییان بەوەى کە لە بەرامبەر پێدانی کارتی ئەلیکترۆنی مووچەی چاودێرى کۆمەڵایەتییان بۆ دەبڕێتەوە. داواشی کرد، ئەو کەسانەی رووبەڕووى ئەو داواکارییە بوونەتەوە ئاگاداریان بکەنەوە و بەڵێنى ئەوەشی دا، رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەوانە دەگرنەبەر کە ئەو کارەیان کردووە.
لە رۆژی 1ـی تشرینى دووەمەوە بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەستىپێکردووە، بڕیارە لە 18ى کانوونى یەکەم ئەو هەڵبژاردنە بکرێت.
29ى تشرینى دووەمى 2023، حەسەن ئەبو مەسار، راوێژکارى یاسایی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "کەسانێک هەن بەڵێنى بڕینەوەى مووچەى تۆڕى کۆمەڵایەتى بەکاردەهێنن بۆ فریودانى دەنگدەران".
حەسەن ئەبو مەسار گوتى، "تاوەکو ئێستا بە فەرمى یەک سکاڵامان پێگەیشتووە وەک کۆمیسیۆن، دەنگى بەربژێرێک تۆمارکراوە، کە بەڵێن بە دەنگدەران دەدات مووچەى تۆڕى کۆمەڵایەتییان بۆ ببڕێتەوە".
مووچەى چاودێریى کۆمەڵایەتى دەگاتە زیاتر لە 400 هەزار دینار، ئەو کەسانەى دەیانگرێتەوە بریتین لە کەمدەرامەتان، خاوەن پێداویستى تایبەت، بێوەژنان، ئەو گەنجانەى بێکارن.
لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژى فەرماندەی گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارى ئاسایشى نیشتیمانى، محەممەد شیاع سوودانى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان فەرمانیداوە بە گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایی لە دژى هەر کەسێک کە تواناکانى دەوڵەت بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنى کاریگەریى لەسەر دەنگدەران و هەوڵدان بۆ قۆستنەوەى سوودمەندانى تۆڕى کۆمەڵایەتى بۆ دابەشکردنى کارتى دەنگدان.